تەرمی چالاکوانێکی رەوتی سەدر لەسەر شەقام دۆزرایەوە

ئەیسەر خەفاجی، چالاکوانی سەر بە رەوتی سەدر
ئەیسەر خەفاجی، چالاکوانی سەر بە رەوتی سەدر

K24 - هەولێر

تەرمی چالاکوانێکی سەر بە رەوتی سەدر لەسەر رێگەی نێودەوڵەتیی بابل دۆزرایەوە و، چەکدارەکانی سەر بە سەرایا سەلامیش کەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە. 

دوای ئەوەی دوانیوەڕۆی دوێنێ یەکشەممە، 18-02-2024، ئەیسەر خەفاجی، چالاکوانی سەر بە رەوتی سەدر لەلایەن "هەندێک کەسی نەناسراوەوە" رفێندرا؛ بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 19-02-2024، تەرمەکەی لەسەر رێگەی نێودەوڵەتی بابل دۆزرایەوە.

میدیاکانی عێراق لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئەمنی بڵاویانکردووەتەوە، ئەو چالاکوانەی رەوتی سەدر کە چەکداری سەرایا سەلامیشە، لەرێگەی ئۆتۆمبێلێکی جۆری "لەندگروزەر" لە بابلەوە بەرەو بەغدا رفێندرابوو.

بەگوێرەی میدیا عێراقییەکان، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە سەرایا سەلام کەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکردووە و، بۆ ئەو مەبەستەش بەرپرسی گشتیی سەرایا سەلام و بەرپرسی هەواڵگیری ئەو گرووپە چەکدارە گەیشتوونەتە بابل.