تامی ئه‌یمس بۆ کوردستان24: دڵنیام هەولێر و بەغدا دەگەنە چارەسەرێك بۆ كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوانیان

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری نووسینگەی باڵیۆزخانەی كەنەدا لە هەرێمی كوردستان تایبەت بە كوردستان24 رایگەیاند، پەیوەندییەكی زۆر باشیان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە و پابەندن بە دابینكردنی ئاییندەیەكی باشتر بۆ خەڵك و حكومەتی هەرێمی كوردستان.

لە یادی 10 ساڵەی كردنەوەی نووسینگەی باڵیۆزخانەی كەنەدا لە هەولێر، تامی ئەیمس بەڕێوەبەری نووسینگەی باڵیۆزخانەی كەنەدا لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند، دڵنیام حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ دەگەنە چارەسەرێك بۆ كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوانیان.

تامی ئه‌یمس گوتیشی: "لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چەند بوار و دەستپێشخەریەكدا كاردەكەین. لەگەڵ رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیش لە هەرێمی كوردستان كاردەكەین. بەرژوەندیی هاوبەشمان هەیە و پێكەوە لەسەر ئەم بنەمایە كاردەكەین. بەدیاریكراوی پەیوەندییەكی زۆر باشمان لەگەڵ ئەم كابینەی ئێستا هەیە و هەمووكات هاوکارمان بوون و ئێمەش بە هەمانشێوە".

بەڕێوەبەری نووسینگەی باڵیۆزخانەی كەنەدا لە هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەشکرد: "لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و فیدراڵ پێمانوایە دەتوانن چارەسەرێك بدۆزنەوە ئەوەی گرنگە بەردەوامی گفتوگۆكانە. بەهەمانشێوە گرنگە ئامادەبن گوێ لە یەكتر بگرن. ئەوەی جێگەی دڵخۆشیە ئێستا ئەو گفتوگۆ و دانوستانانە دەبینین. هیوادارین بتوانن لە داهاتوویەكی نزیكدا هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ بتوانن چارەسەرێك بدۆزنەوە".

رۆژی دووشەممە (19ـی شوباتی 2024) بەبۆنەی 10ـەهەمین ساڵیادی کردنەوەی نووسینگەی باڵیۆزخانەی کەنەدا لە هەولێر، رێوڕەسمێکی تایبەت بەڕێوەچوو.

لەو رێورەسمەدا سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هیوادارین ئۆتاوا ئەو پەیامەی ئێمە پەسەند بکات کە داوا دەکەین نوێنەرایەتی دیپلۆماسی خۆی لە هەولێر بۆ کونسوڵگەری گشتی بەرزبکاتەوە.