بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵ بۆ لاوازکردنی هەرێمی کوردستانە

دادگای فیدڕاڵی عێراق
دادگای فیدڕاڵی عێراق

K24 – هەولێر

ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان نیگەرانن لە دواخستنی بەردەوامی دانیشتنەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پێیانوایە ئەمە ھەنگاوێکە بۆ دروستکردنی ئاستەنگ و لاوازکردنی پێگەی ھەرێمی کوردستان، داواش دەکەن لە زووترین کات وادەی ھەڵبژاردن دیاری بکرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، 20ـی شوباتی 2024، کاوە گەردی، کارگێڕی بەشی ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24ـی رایدەگەیاند، دادگای فیدراڵی لە کورترین ماوە پەرلەمانی پەکخست، بەڵام دوای 11 دانیشتن ھێشتا یاسای ھەڵبژاردنی یەکلایی نەکردوەتەوە، کە ئامانج لێی دروستکردنی ئاستەنگە بۆ هەرێمی کوردستان.

بە گوتەی ئەو: "دادگای فیدڕاڵی لە بنەڕەتدا سیاسییە، ئەگەر سیاسی نییە، دەبوو لەو کاتەی کە بڕیاریدا دەبوایە بەدیلێک بۆ پەرلەمانی کوردستان دابنێت، دەبوو بەلایەنی کەموە رۆژێک دابنێت بۆ هەڵبژاردن، بەڵام مەبەستییان لاوازکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان بوو، بۆیە هیچ بەدیلێکیان دانەناوە".

ھەمووان بەپرۆشن بۆ گەیشتن بەو رۆژەی وادەی ھەڵبژاردنی تێدا دیاری دەکرێت .بنکەیەکی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگەدەران، ئەو کچ و کوڕانەی، تەمەنی یاساییان رێگەیان دەدا بەشداری ھەڵبژاردنی داهاتوو بکەن.

لە نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتری بەشداری دەکەن. دەیانەوێت بێبەش نەبن لە دەنگدان. بە دەستی خۆیان نوێنەری راستەقینە بنێرنە پەرلەمان. هەروەها نیگەرانن لە بەردەوامی دواخستی دانیشتنەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

باڵا مەلا حەسەن، ھاووڵاتی بە کوردستان24ـی راگەیاند، دادگای باڵای فیدڕاڵی بە بێ هۆ رۆژ دوای رۆژ بڕیارەکە دوادەخات و بڕیار نادات دەیەوێت ئەو بۆشاییەی کە هەیە لە هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت و شکست بە قەوارەی هەرێمی کوردستان بهێنێت.

بۆ پەکخستنی پەرلەمان لە کورترین ماوە بڕیاریدا و لەو کاتەوە کارەکانی راگرتووە، ئامانجی بەشێک لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی رۆژ دوای رۆژ لای ھاووڵاتییان و لایەنە سیاسیەکان دەردەکەون.

لای پارتی وایە دواخستنی دانیشتنەکانی دادگای فیدراڵی جێبەجێکردنی ئەو ئەجیندایەیە کار بۆ لاوازکردنی ھەرێمی کوردستان دەکات.

لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا 11 جار دانیشتنی دادگای فیدراڵی بۆ یەکلایکردنەوەی سکاڵاکەی یەکێتی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوا خراوە، پێشبینی دەکرێت لە دانیشتنی 12یەمینی دا سکاڵاکە یەکلای بکاتەوە.