دهۆك سەركەوتنێكی گەورەی بەدەستهێنا
لە گەڕی پازدەیەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق یانەی دهۆك لە دەرەوەی یاریگەی خۆی سەركەوتنێكی بە نرخی بەدەستهێنا و بۆ خانەی چوارەمی ریزبەندی سەركەوت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 20 شوباتی 2024، یانەی دهۆك لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بووە میوانی نەفتی میسان، لە خولەكی 9ـی دەستپێكی یارییەكە بەیار ئەبوبەكر بەرگریكاری دهۆك ئاسیستێكی نایابی كرد و عیماد لواتی هێرشبەری پیشەگەری توونسی بە لێدانی سەر یەكەمین گۆڵی خۆی بە درێسی دهۆكییەكان تۆمار كرد، نیوەی یەكەم بەم تاكە گۆڵە كۆتایی هات.
دیسان دوای تێپەڕبوونی 9 خولەك لە دەستپێكی نیوەی دووەم، دهۆك لە خولەكی 54 گۆڵی دووەمی لە رێگەی مۆسیس لوكاس تۆمار كرد، پێش ئەوەی ناوبژیوان فیكەی كۆتایی یارییەكە لێ بدات، رۆبن ئاكوای گۆڵی سێیەمی دهۆكی بە ئاسیستی هاڕوون ئەحمەد كرد، یارییەكە بە 3 گۆڵی بێوەڵام لە بەرژەوەندی دهۆك كۆتایی هات.
دهۆك حەوتەمین بردنەوەی تۆمار كرد و بە كۆكردنەوەی 24 خاڵ بۆ خانەی چوارەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەكانی عێراق سەركەوت.
دوای ئەم سەركەوتنە دهۆك دەگەڕێتەوە هەرێمی كوردستان و رۆژی هەینی لە کاتژمێر 19:00 لە یاریگەی خۆی میوانداریی یانەی کەربەلا دەكات.