عیماد جەمیل: کۆمیسیۆن دوای بڕیاری دادگای فیدراڵی پێویستی بە چوار مانگە بۆ ئامادەکاری هەڵبژاردن

عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق

K24 – هەولێر:

سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رایدەگەیەنێت؛ دەتوانن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە هەردوو شێواز بەڕێوەببەن چ یەک بازنەیی یاخود فرەبازنەیی، هاوکات گوتیشی: ناتوانن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە مانگی پێنجی ئەمساڵ ئەنجامبدەن.

عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند، ئەگەر سبەی دادگای فیدراڵی بڕیاری خۆی بدات سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەوە کۆمیسیۆن پێویستی بە چوار مانگ هەیە بۆ ئامادەکارییەکانی خۆی تەواو بکات بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت.

سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دەڵێت: کۆمیسیۆن بەشێک لە ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ کردووە لەنوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران و چەند رێکارێكی دیکە.

عیماد جەمیل، گوتیشی: دەتوانن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە هەردوو شێواز بەڕێوەببەن چ یەک بازنەیی یاخود فرەبازنەیی.

عیماد جەمیل، باسی لەوەکرد، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران پێیانوایە کاتیان هەیە بۆ ئامادەکاریکردن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و، ئەو کاتە دەتوانرێت هەڵبژاردن لە ناوەڕاستی مانگی شەش ئەنجامبدرێت.

سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئاماژەی بەوەدا، ئەگەر دادگای فیدراڵی بڕیار لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوابخات ئەوا قورس دەبێت بتوانرێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ناوەڕاستی مانگی شەش ئەنجامبدرێت.

عیماد جەمیل، لەبارەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران گوتی: کۆمیسیۆن لە مانگی دووی ئەمساڵەوە دەستی بە نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران کردووە، نزیکەی 310 هەزار کەس داتاکانیان نوێکردووەتەوە، هەروەها کۆمیسیۆن هەستاوە بە درێژکردنەوەی ماوەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران.

سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، جەختی لەوەشکردەوە، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە توانایدایە لە دوای 24 کاتژمێر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامەکان رابگەیەنێت.

عیماد جەمیل، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، ناتوانن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە مانگی پێنجی ئەمساڵ ئەنجامبدەن، چونکە هەتاوەکو رێکارەکان تەواو دەبێت کاتێکی زۆری دەوێت.

ئەمڕۆ سێشەممە (20ـی شوباتی 2024) شاندی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی نوێنەری یۆنامی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانى عێراق بە مەبەستی تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی ئامادەکاریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، شاندی باڵای کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا، بە شاندی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی راگەیاندووە، ئەگەر سبەی چوارشەممە، دادگای فیدراڵی سکاڵای تایبەت بە یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان یەکلابکاتەوە و بڕیار بدات، ئەوان دەتوانن لە سەرەتا تا ناوەڕاستی مانگی شەشی ئەمساڵ هەڵبژاردن ئەنجام بدەن.

ئەمە لە کاتێکدایە پێشنیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە، (18ـی شوباتی 2024) دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی چەند سکاڵایەک لەنێویشیاندا سکاڵای تایبەت بە پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. دادگاکە جارێکی دیکە بڕیاردانی لەبارەی سکاڵاکە بۆ رۆژی چوارشەممە، (21ـی شوباتی 2024) دواخست.

دواى ئەوەى تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتاییهات، رۆژی 9ـی تشرینى یەکەمى 2022، پەرلەمانى کوردستان یاسای ژمارە 12ى درێژکردنەوەى خولى پێنجەمی پەسندکرد. دواتر رۆژی 22ـی ئایارى 2023 پەرلەمانی کوردستان بڕیارى کاراکردنەوەى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمى کوردستانی دا، بەڵام دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق ئەو کاراکردنەوەیەشی بە نایاسایی ناساند.

ساڵی 1992 یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو. ساڵی 2004 یاسای هەڵبژاردن هەموارکرایەوە و ماددەی نۆیەمی یاساکە کە باسی لەوە دەکرد "هەرێمی کوردستان لە چەند ناوچەیەکی هەڵبژاردن پێکبێت" لابرا و هەرێمی کوردستان هەمووی کرایە یەک بازنەی هەڵبژاردن.