پێنتاگۆن بۆ کوردستان24: لە چواری ئەم مانگەوە هیچ هێرشێکمان لە عێراق نەکراوەتەسەر

سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا
سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا

K24 – واشنتن:

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا "پێنتاگۆن" تایبەت بە كوردستان24 رایگەیاند، لە چواری ئەم مانگەوە لە سووریا و عێراق هیچ هێرشێكمان لەلایەن میلیشیاكانی سەربە ئێرانەوە نەكراوەتەسەر و ئێمەش هیچ هێرشێكمان نەكردوەتەسەریان. جێگری گوتەبێژی "پێنتاگۆن" دەڵێت: "ئەگەر ئێران دەیەوێت ئاڵۆزییەكان ناوچەكە نەگرنەوە دەتوانێت میلیشیاكان كۆنترۆڵ بكات".

ئەمڕۆ سێشەممە (20ـی شوباتی 2024) سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا "پێنتاگۆن" لە کۆنفراسنێکی رۆژنامەوانیدا وەڵامی عیسا حەسەن، پەیامنێری کوردستان24ـی دایەوە و گوتی: جارێكی دیكە ئێمە هەموو ئەوانە بەبەرپرس دەزانین هێرشدەكەنە سەر هێزەكانمان، تا ئێستا زیاتر لە 170 جار هێرشكراوەتەسەر هێزەكانمان لە سووریا و عێراق.

ناوبراو گوتیشی: بەردەوام چاودێری دۆخی عێراق دەکەین، هەروەها لەگەڵ حکومەتی عێراق پێکەوە کار دەکەین.

جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن، دەڵێت: پێشوەختە باسی ئەو بڕیارانەش ناكەم کە وەزیری بەرگری و سەرۆکی ئەمەریکا دەیدەن، بەڵام هەموو ئەوانەی هێرشیانكردەسەر هێزەكانمان لە ئوردن کە بووە هۆی كوژرانی سەربازەكانمان بەبەرپرسیاریان دەزانین، وەك گوتم ئەگەر هێرش بكەنەوە بەبەرپرسیاریان دەزانین.

سابرینا سینگ، ئاماژەی بەوەدا، "بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی ئێمە ئێران نایەوێت ململانێ و شەڕەكە فراوان بێت و ناوچەكە بگرێتەوە، هەر لە سەرەتاوە ئەمەمان وتووە، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئێران پشتیوانی و هاوكاری ئەو گرووپ و میلیشیانە دەكات كە هێرشدەكەنە سەر هێزەكانمان".

جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن، باسی لەوەشکرد، ئێران هاوكاری حووسییەكانیش دەكات كە لە چەند هەفتەی رابردوو چەندین هێرشیانكردوەتەسەر كەشتیە بازرگانییەكان و هێزەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە، هەروەها ئێران پشتیوانی و هاوكاری حزبووڵاش دەكات.

گوتیشی: ئێران هاوكاری هەموو ئەو گرووپانە دەكات كە بەردەوام لە ناوچەكە هێرشدەكەن و سەقامگیری ناوچەكەیان تێكداوە و هەڕەشەن بۆ سەروەری یاسا، بۆیە ئەگەر ئێران نایەوێت ئاڵۆزی و ململانێ لە ناوچەكە بكەوێتەوە دەتوانێت دەستێوەردان بكات و بەو گرووپانە بڵێت راوەستن.

دەقی پرسیار و وەڵامەکانی عیسا حەسەن، پەیامنێری کوردستان24 و سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن:

عیسا حەسەن، پەیامنێری كوردستان24: وەك ئاماژەت پێدا لە 4ی شوباتەوە هیچ هێرشێكتان نەكراوەتەسەر لە عێراق و سووریا، ئێوەش هیچ هێرشێكتان نەكردووەتەسەر میلیشیاكان، كەواتە دەتوانین بڵێین ئەگەر میلیشیاكان هێرشەكانیان بۆسەر ئێوە رابگرن، ئێوەش هێرشەكانتان رادەگرن؟

سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن:"جارێكی دیكە ئێمە هەموو ئەوانە بەبەرپرس دەزانین هێرشدەكەنە سەر هێزەكانمان، تا ئێستا زیاتر لە 170 جار هێرشكراوەتەسەر هێزەكانمان لە سووریا و عێراق. پێشوەختە باسی ئەو بڕیارانەش ناكەم وەزیری بەرگری و سەرۆك بایدن دەیاندەن، بەڵام بەردەوام ئەوانەی هێرشیانكردەسەر هێزەكانمان لە ئوردن و بووە هۆی كوژرانی سەربازەكانمان بەبەرپرسیاریان دەزانین. وەك وتم ئەگەر هێرش بكەنەوە بەبەرپرسیاریان دەزانین."

عیسا حەسەن، پەیامنێری كوردستان24:فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران لە بەغدا لەگەڵ فەرماندەی میلیشیاكانی عێراق كۆبووەتەوە. داوای لێكردوون هێرشەكانیان بۆسەر هێزەكانی ئەمریكا رابگرن. پێتانوایە ئێران دەیەوێت گرژییەكان كەمبكاتەوە، یان لە وەڵام و تۆڵەی ئێوە دەترسێت؟

سابرینا سینگ جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن: "بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی ئێمە ئێران نایەوێت ململانێ و شەڕەكە فراوان بێت و ناوچەكە بگرێتەوە، هەر لە سەرەتاوە ئەمەمان وتووە. بەڵام بەدڵنیاییەوە پشتیوانی و هاوكاری ئەو گروپ و میلیشیانە دەكات كە هێرشدەكەنە سەر هێزەكانمان، هاوكاری حوسییەكان دەكات كە لە چەند هەفتەی رابردوو چەندین هێرشیانكردوەتەسەر كەشتیە بازرگانییەكان و هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە. هەروەها ئێران پشتیوانی و هاوكاری حیزبوڵاش دەكات. هاوكاری هەموو ئەو گرووپانە دەكات كە بەردەوام لە ناوچەكە هێرشدەكەن و سەقامگیری ناوچەكەیان تێكداوە و هەڕەشەن بۆ سەروەری یاسا، بۆیە ئەگەر ئێران نایەوێت ئاڵۆزی و ململانێ لە ناوچەكە بكەوێتەوە دەتوانێت دەستێوەردان بكات و بەو گرووپانە بڵێت راوەستن.