هەڵمەتی چاککردنەوەی هەڵەکانی زمانەوانی لە شەقڵاوە بەڕێوەدەچێت

هەڵمەتی چاککردنەوەی هەڵەکانی زمانەوانی لە شەقڵاوە بەڕێوەدەچێت
هەڵمەتی چاککردنەوەی هەڵەکانی زمانەوانی لە شەقڵاوە بەڕێوەدەچێت

K24 - هەولێر

لە  شەقڵاوە، بۆ پاراستنی زمانی کوردی، جیا لەوەی سەرجەم تابلۆکانی سەر دام و دەزگا حکومییەکان و ناحکومییەکان بە زمانی کوردییە، چەندین هەفتەیە هەڵمەتی چاککردنەوەی هەڵەکانی رێزمانی و زمانەوانیش لە سەر تابلۆی قوتابخانەکانی ئەو سنوورە دەستیپێکردووە.

وەک دەستپێشخەرییەک، بەڕێوبەرایەتیی پەروەردەی شەقڵاوە، هەڵمەتی گۆڕینی تابلۆی قوتابخانەکانی دەستپێکردووە. بەڕێوەبەری چالاکی قوتابخانەکانیش کە راستەوخۆ سەرپەرشتیی گۆڕینی تابلۆکان دەکات؛ ئەم کارە بە هەنگاوێک دەزانێ بۆ چاککردنەوەی هەڵەکانی زمانەوانی و رێزمانی کوردی لە سەر تابلۆی قوتابخانەکان و دەڵێت: "ئەمە هەنگاوێکی دیکەیە بۆ پاراستنی زمانی کوردی".

محەممەد حەسەن، بەڕێوەبەری چالاکی قوتابخانەکانی شەقڵاوە ئاماژە بەوە دەدات، "زۆرێک لە تاپلۆکان بە هەڵە نووسراون و پێویستە ڕاستبکرێنەوە. ئێمەش وەکو هەنگاوی یەکەم لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی شەقڵاوە هەستاین بە چاککردنەوەی رێنووسی سەر تابلۆی قوتابخانەکان لە سنووری شارۆچکەکەمان. هیوادارین ئەم هەڵمەتە شوێنەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە و هەڵە رێزمانییەکان چاکبکرێنەوە".

لە شوباتی ساڵی رابردوو، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەریمی کوردستان، بە بڕیارێک داوای پاراستن و گرنگیدان بە زمانی کوردی کرد. هەر ئەم بڕیارەش بە  گوتەی قایمەقامی شەقڵاوە رێگە خۆشکەر بوو، بۆ ئەوەی هەڵەکانی زمانەوانیش چاکبکرێتەوە.

کاروان کەریم خان، قائیمقامی شەقلاوە ئەوە دەخاتەڕوو: "بەو پێیەی قوتابخانەکان ناوەندی فێرکاریی دروستی زمان و زانستن، بڕیارمانداوە لە سنووری شەقڵاوە؛ هەڵەی تابلۆی قوتابخانەکان لە رووی رێزمانی و رێنووسی و پێکهاتی رستە ڕاستبکەینەوە".

رۆژی 21ـی شوباتی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانیکرد، لەپێناو گرنگیدان بە زمانی کوردی وەکو زمانی دایک، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی پەروەردە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەکادیمیای کوردی و شارەزا و پسپۆڕانی ئەم بوارە راسپێردرێن بە ئامادەکردنی پرۆگرامێکی گونجاوی فێربوونی زمانی کوردی بۆ ئەو هاووڵاتییە بیانییانەی بە مەبەستی کارکردن لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە فەرمانی دووەمدا بۆ گشت وەزارەتەکان سەبارەت بە گرنگیدان بە زمانی کوردی ڕایگەیاند، پشتبەست بە یاسای زمانە فەرمییەکان لە هەرێمی کوردستان/عێراق ژمارە (6)ی 2014، لەپێناو پاراستنی زمانی کوردی وەکو زمانی سەرەکی لە هەرێمی کوردستان، کاری پێویست ئەنجام بدەن بۆ نووسینی تابلۆ بە زمانی کوردی لە سەرجەم دامەزراوە و فەرمانگە حکومی و ناحکومییەکان و نووسینگە و نوێنەرایەتی و کۆنسوڵگەریی وڵاتان و رێکخراوە بیانییەکان و کۆمپانیا و دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت، بەپێی حوکمەکانی یاسای ئاماژەپێدراوی سەرەوە.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختیشی کردەوە، لە هۆتێل و شوێنە گەشتیاری و ڕێستۆرانتەکاندا، دەبێت گرنگی بە زمانی کوردی بدرێت و لیستی خواردن و ڕێبەر و ڕێنوێنییەکان، بە زمانی کوردیش هەبێت.