ئازاد دۆسكی: دادگای فیدڕاڵی هیچ به‌هایه‌كی بۆ په‌رله‌مانی عێراق نه‌هێشتووه‌ته‌وه

ئازاد دۆسكی، شاره‌زای ده‌ستووری
ئازاد دۆسكی، شاره‌زای ده‌ستووری

K24 - هەولێر:

شاره‌زایه‌كی ده‌ستووری ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، بڕیاره‌كانی دادگای فیدڕاڵی هیچ نرخ و به‌هایه‌كی بۆ ده‌سه‌ڵاتی یاسادانانی عێراق نه‌هێشتووه‌ته‌وه‌. ده‌شڵێت، بڕیاره‌كانی ئه‌م دادگایه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ سه‌ر ده‌ستوور.

ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 21ـی شوباتی 2024) ئازاد دۆسكی، شاره‌زای ده‌ستووری تایبه‌ت به‌ كوردستان24 رایگه‌یاند، دادگای فیدڕاڵی ناده‌ستوورییه‌ و به‌ زۆرینه‌ی پێكهاته‌كه‌ی ناوییه‌وه‌ بڕیار ده‌دات، ته‌نانه‌ت بڕیاره‌كه‌ی ئه‌مڕۆكه‌ی له‌باره‌ی كورسی پێكهاته‌كانی په‌رله‌مان ده‌چێته‌ ناو هه‌مان چوارچێوه‌ی به‌سیاسیكردنی بڕیاره‌كانی كه‌ له‌ زۆرینه‌ی شیعه‌ پێكدێت.

ئازاد دۆسكی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، بڕیاره‌كانی دادگای فیدڕاڵی هیچ نرخ و به‌هایه‌كی بۆ ده‌سه‌ڵاتی یاسادانانی عێراق نه‌هێشتووه‌ته‌وه‌. گوتیشی، هه‌یمه‌نه‌ و ئه‌ركی په‌رله‌مانی عێراق كه‌م كردووه‌ته‌وه‌.

ناوبراو باسی له‌وه‌ش كرد، له‌ هه‌موو سیسته‌مه‌ پێشكه‌وتووه‌كانی جیهان، ئه‌سڵ وایه‌ په‌رله‌مان نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ بێت، به‌ڵام له‌ عێراق به‌هۆی دادگای فیدڕاڵییه‌وه‌ ئه‌م نوێنه‌رایه‌تییه‌ له‌ په‌رله‌مان ستێنراوه‌.

ئه‌و شاره‌زایه‌ی ده‌ستوور سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، بڕیاره‌كانی ئه‌مڕۆی دادگای فیدڕاڵی پێچه‌وانه‌ی بڕیاره‌كانی پێشووی خۆیه‌تی. گوتیشی، ئه‌وه‌ی جێی نیگه‌رانییه‌ ئه‌م دادگایه‌ ده‌ستوور ده‌خاته‌ ژێر گومان و هه‌ڕه‌شه‌ی زیاتر له‌ جێبه‌جێنه‌كردنی مادده‌كانی.

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدڕاڵی له‌باره‌ی كورسی كۆتاكان، بڕیارێكی ته‌واو سیاسی بوو.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 21-02-2024، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو سکاڵایانەی لە دژی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و یاسای تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون، کۆبووەوە.

بەشێک لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان:

1. کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی ئەرکی بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیکردنی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە جێگەی کۆمیسیۆنی راپرسی و هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان دەگرێتە ئەستۆ.

2. بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش دەکرێت.

3. ژمارەی کورسی کوتاکان کە 11 کورسین هەڵدەوەشێندرێنەوە و نادەستوورین؛ بەو پێیەش کۆی ژمارەی کورسی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە دەکرێنە 100 کورسی.

بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان:

1. دەبێت بە پێی ماددەی 116 و 117 دەستووری عێراق؛ یەکسانی هەبێت لە دابەشکردنی داهاتی سەروەت و سامانیی گشتی و نابێت ستەم لە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکرێت. 

2. دەبێت هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کار بۆ ئەوە بکەن کە مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە کاتی خۆی دابەش بکرێت.

3. دەبێت هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان پابەندی یاسایی بودجەی گشتیی فیدراڵی بن بۆ پێدانی شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

4. محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێڕاق دەبێت ئەرکی پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ئەستۆ بگرێت و، کێشە و ناکۆکییەکانی هەردوو حکوومەتیش (عێراق و هەرێمی کوردستان) چارەسەر بکات؛ تاوەکو دڵنیایی بدرێت لە پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

5. پێویستە حکومەتی عێراق پابەندبێت بە پێدانی مووچەی مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و نابێت لەمەودوا قەرز بدرێتە حکومەتی  هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی دابەش بکات.