ئەشواق جاف: بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لێدانە لە پرۆسەی دیموکراسی هەرێمی کوردستان

ئەشواق جاف، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق
ئەشواق جاف، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی عێراق، رایدەگەیەنێت، نەهێشتنی کورسی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان کێشەکان قوڵتر دەکات، گوتیشی: بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی تەواو دژی قەوارەی هەرێمی کوردستانە.

ئەشواق جاف، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند، بڕیاڕدان لەسەر کورسی پێکهاتەکان لە دەسەڵاتی پەرلەمانی کوردستان بوو، لە دەسەڵاتی دادگای فیدراڵیدا نەبوو، لە 2014ـەوە پلان لە دژی هەرێمی کوردستان دادەڕێژرێت.

ئەو ئەندامەی پێشووی پەرلەمانی عێراق راشیگەیاند، ئەم بڕیارەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی لێدانە لە پڕۆسەی دیموکراسی هەرێمی کوردستان، هەورەها نیشانەیەکەی نەرێنییە لەسەر پرۆسەی دیموکراسی هەموو عێراق.

ئەشواق جاف، دەڵێت: بەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی پێکهاتەکان بۆلەمەودوا نوێنەریان نابێت لە پەرلەمانی کوردستان، کە ئەمەش ستەمێکی گەورەیە دەرهەق بە مافەکانیان، بە دڵنایییەوەش کێشەکان قوڵتر دەبێت.

ئەو ئەندامەی پێشووی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوەدا، "بۆچی دەبێت لە پەرلەمانی عێراق کورسی کۆتا هەبێت و کە بە دەستووریی هەژمارکراوە، بۆچی هەبوونی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان بە نا دەستووری لە قەڵەمدراوە؟.

ئەشواق جاف، گوتی: لە دوای 2003 لە عێراق شکڵ و شێوەکان گۆڕاون، بەڵام بە هەمان ئەقڵیەتی مەرکەزی رەفتار دەکەن نەک فیدراڵی، ئەمەش پێچەوانەی دەستوورە، زۆرینەی سیاسییەکانی عێراق بڕوایان بە دەستوور و فیدراڵی نییە.

گوتیشی: زۆرینەی سیاسیەکانی عێراق قۆناغ بە قۆناغ فشارەکانیان زیاد کرد بۆ لەناوبردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، بەڵام لە ئێستادا هاتوونە لە رێگەی دادگای فیدراڵی هەوڵی لاوازکردنی قەوارەی ئەم هەرێمە دەدەن.

ئەو ئەندامەی پێشووی پەرلەمانی عێراق، روونیکردەوە، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کاریگەری دەکاتە سەر پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێكهاتەکانی هەرێمی کوردستان، ئەو پێکەوەژیانەی هەرێمی کوردستان کە لە وڵاتان بە ئەرێنی وەسف دەکرا بۆ لەمەودوا بەو شێوەیە وەسف ناکرێت، ئەمەش هەموو بەهۆی دادگای فیدراڵییەوە بووە.

رۆژی چوارشەممە (21ـی شوباتی 2024) دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو سکاڵایانەی لە دژی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و یاسای تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون، کۆبووەوە.

دادگای فیدراڵی بڕیاریدا، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەرکی بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیکردنی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە جێگەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان بگرێتە ئەستۆ.