کەمال وەرتی: وەرگرتنی باج لە گەورە باجدەران بابەتێکی ئاڵۆزە

کەمال وەرتێی، بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرە
کەمال وەرتێی، بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرە

K24 - هەولێر

بەڕیوەبەری گشتی باج و خانووبەرە رایگەیاند، رێکخستنەوەی باج بابەتێکی هەستیارە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەم لەسەر بەرنامەی پلانی چاکسازی جەختی لەسەر رێکخستنی باج و بنەماکانی دادپەروەری کردووەتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی شوباتی 2024، د. کەمال وەرتی، بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرە بە کوردستان24ـی راگەیاند، بابەتی رێکخستنەوەی باج بابەتێکی هەستیارە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەم زۆرترین چاکسازی لە بواری رێکخستنەوەی باجدا کردووە، لەژێر رۆشنایی و دیدگای سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرنامەی پلانی چاکسازی هەمووکات جەختی لەسەر رێکخستنی باج و بنەماکانی دادپەروەری کردووەتەوە، هەر لەو نێوەندەدا وەرگرتنی باج لە کۆمپانیا گەورەکان دەستمان پێکردووە.

بە گوتەی ئەو بەڕێوەبەرە: "رێکخستنەوەی کۆمپانیا گەورەکان بابەتێکی ئاڵۆزە، چونکە بابەتی خۆدزینەوە لە باج بابەتێکی جیهانییە و باجدەران نایانەوێت باج بدەن بە حکومەت. بەتایبەت لەو وڵاتانەی سیستەمی ئیدارییان لە ئاستێکی زۆر پێشکەوتوودا نییە، بنەماکانی حەوت کە خۆی لە دادپەروەری، شەفافیەت و نەزاهەدا دەبینێتەوە، هەوڵمانداوە ئەو بنەمایانە جێبەجێبکەین و رەنگبداتەوە".

کەمال وەرتی ئەوەشی خستەڕوو، لە ساڵانی رابردوودا کار لەسەر بابەتی باج کراوە، کە ژمێرەی کۆمپانیاکان بکرێتە بنەما بۆ پێدانی باج، بەداخەوە پێشووتر لەسەر بنەما نەبوو بۆ وەرگرتنی باج، ئێمە "هەوڵماندا لەو چەند ساڵەی رابردوو پێدانی باج بکرێتە بنەما، و لەسەر بنەمای دادپەروەریی پێدانی باج بکرێت ئەرک".

راشیگەیاند، ئەو راپۆرتە داراییانەی کە لەلایەن کۆمپانیا گەورەکانەوە پێشکەشی فەرمانگەکانی باج دەکرا، وەکو بنەما بەکار نەدەهات، چونکە زۆربەی زۆری ئەو کۆمپانیایانە راپۆرتی ناراستییان پێشکەش بە فەرمانگەکانی حکومەت دەکرد.