جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا پێ دەنێتە ساڵی سێیەمییەوە

دوو ساڵ بەسەر جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا تێدەپەڕێت
دوو ساڵ بەسەر جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا تێدەپەڕێت

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا پێ دەنێتە ساڵی سێیەمییەوە و تا ئێستاش بەردەوامە. لە ماوەی جەنگەکەدا زیاتر لە 755 هەزار سەربازی ئەو دوو وڵاتە کوژراون و بریندارن؛ دەیان هەزار هاووڵاتیی سڤیلیش بوونەتە قوربانی.

ئەمڕۆ شەممە، 24-02-2024، دوو ساڵ بەسەر جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا تێدەپەڕێت و جەنگەکە پێی ناوەتە ساڵی سێیەمییەوە.

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی بەرگریی رووسیا؛ لە ماوەی نێوان 24ـی شوباتی 2022 بۆ 31 کانوونی دووەمی 2024، 383 هەزار سەربازی ئۆکراینی کوژراون و برینداربوونە.

بەگوێرەی ئامارەکانی ئۆکرانیاش؛ لە ماوەی نێوان 24ـی شوباتی 2022 بۆ 16ـی کانوونی دووەمی 2024، زیاتر لە 150 هەزار سەربازی رووسیا کوژراون و نزیکەی 222 هەزار سەربازیش برینداربوونە.

لەلایەن خۆیەوە گرووپی چەکداری ڤاگنەر ئاشکرایکردووە، لە سەرەتای جەنگەوە تا ناوەڕاستی ئایاری 2023، نزیکەی 20 هەزار چەکدارییان کوژراون و 40 هەزاری دیکەش برینداربوونە.

هەروەها تا سەرەتای 2023 بەلایەنی کەم 640 شەڕکەر و خۆبەخشی بیانی کوژراون کە یەکێکیان هاووڵاتی عێراق بووە و زۆرینەیان هاووڵاتی ئەمەریکا و جۆرجیا بوونە و زیاتر لە هەزاری دیکەش برینداربوونە.

جگە لە سەربازەکان خەڵكی سڤیلیش بوونەتە قوربانی. بەگوێرەی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە سەرەتای جەنگ تا 31 کانوونی دووەمی ئەمساڵ لە ئۆکرانیا 10 هەزار و 378 کەسی سڤیل کوژراون و 19 هەزار و 632 کەسی دیکەش برینداربوونە.

لە رووسیا 145 کەسی سڤیل کوژراون و هەروەها 191 کەسی سڤیلی بیانی لەو جەنگەدا کوژراون. هەروەها بەلایەنی کەم 15 رۆژنامەنووش لەو جەنگەدا کوژراون کە زۆرینەیان هەڵگری ناسنامەی رووسی و ئۆکرانی بوونە.