میترۆ: رق و كینە بەرامبەر پێکهاتەکان بووەستێنن

ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ شەممە، 24ـی شوباتی 2024، لە راگەیەندراوێکدا سەنتەری میترۆ رایگەیاند، نیگەرانە لە هەڵمەتی رق و كینە بەرامبەر پێکهاتەکان، كە چەند رۆژێكە دوای دەرچوونی بڕیاری داگای فیدراڵی بە هەڵوەشانەوەی كورسی كۆتاكان، برەوی پدەدرێت، داواش لە كۆمەڵگەی كوردستان دەكات نەبنە بەشێك لەو هەڵمەتە.

پاش ئەوەی دادگای فیدراڵی بوونی 11 كورسیی كۆتاكانی هەرێم بەنادەستوریی وەسفكرد و هەڵیوەشاندەوە، پێكهاتەكان هاوشێوەی لیستەكانی دیكە بە لیستی جیا بەشداریی هەڵبژاردن بكەن، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هێرش بۆ سەر پێکهاتەکان لە هەرێمی كوردستان بە روونی برەوی پێدەدرێت، تا ئاستی دەربڕینی رق و كینە بەرامبەریان.

راشیگەیاند، پێکهاتەی نەتەوەیی و ئاینی لە كۆمەڵگەی كوردستاندا رێزلێگیراو بوون رۆحی یەكترقبووڵكردن لێبوردەیی، پێكەوەژیانی ئاشتیانە، زاڵبووە بەسەر ڕقوكینە، توندڕەوی، یەكترسڕینەوە.

سەنتەری میترۆ نیگەرانە لە هەڵمەتی رق و كینە بەرامبەر پێکهاتەکان و داوا دەكات كۆمەڵگەی كوردستان، ئەو هەڵمەتە شەرمەزار بكەن و نەبنە بەشێك لەو گوتارە میدیایی و سیاسییەی كە برەو بەرقوكینە دەدات بەرامبەر كەمینەی نەتەوەیی و ئاینی لە هەرێمی كوردستان.

لە راگەیەندراوەکەی سەنتەری میترۆدا هاتووە، میترۆ رەخنەی سیاسی بەرامبەر رێژەی كۆتا لەو هەڵمەتی رق و كینە جیادەكاتەوە، جەختیشدەكاتەوە، "زیادەڕۆی لە دەربڕینی هەندێ لە  دژەكانی رێژەی كۆتا و تەنانەت لایەنگرانیشی، هانی شۆڕەسوارانی رق و كینەی داوە بۆ ئەو هێرشانە."

گوتیشی: "بڕیاری دادگای فیدراڵی بە هەڵوەشانەوەی كۆتای پێکهاتەکان نەتەوەیی و ئاینی دەبوو بكرێتە بۆنەیەك بۆ مشتومڕی سیاسی بنیاتنەر، نەك بۆنەیەك بۆ هەڵڕشتی رق و كینە بەرامبەر ئەو پێكهاتانەی كە پێكەوە رەنگینی كۆمەڵگاكەمان بەرجەستەدەكەن".