وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە غەززە: ژمارەی کوژراوانی فەڵەستین نزیکە دەبێتەوە لە 30 هەزار کەس

K24 - هەولێر

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە غەززە رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە زیاتر لە 29 هەزار فەڵەستینی کوژراون و نزیکەی 70 هەزار کەسیش برینداربوون.

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە غەززە رایگەیاند، "ژمارەی قوربانیانی فەڵەستینی لە ئەنجامی دەسدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە گەیشتە 29 هەزار و 606 کوژراو، هەروەها 69 هەزار و 737 کەسیش برینداربوون".

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە غەززە ڕۆژی هەینی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: ئیسرائیل لە کەرتی غەززەدا 10 کۆمەڵکوژییان ئەنجامداوە و لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا 104 کوژراو و 160 برینداری لێکەوتووەتەوە.

ئامااژەی بەوەشکرد، هێشتا ژمارەیەک قوربانی لە ژێر داروپەردوو و لەسەر رێگاکاندا ماون، ئیسرائیلیش رێگری دەکات لە گەیشتنی تیمەکانی ئەمبولانس بۆ ئەو شوێنانە.

رۆژی (7ـی ئۆکتۆبەری 2023)، بزووتنەوەی حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و بۆ چەند رۆژێکیش بە مووشەک ناوچەکانی ئیسرائیلی بۆردومانکرد کە بەهۆیەوە زیاتر لە هەزار و 200 کەس کوژران و زیاتر لە 240 کەسیش بە بارمتە دەستگیرکرد کە تاوەكو ئێستا زیاتر لە 100 بارمتەیان ئازادکراون. 

لە بەرامبەردا ئیسرائیل هێرشی کردە سەر غەززە، بەچڕی بۆردومانی کرد، کەتاوەکو ئێستا بەردەوامە نزیکەی 100 هەزار کەس کوژران و برینداربوون.