شاخەوان عەبدوڵڵا: دادگای فیدڕاڵی ئەو پێکەوە ژیانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە بە ئامانج دەگرێت

K24 - هەولێر

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەمە جاری یەکەم نییە دادگای فیدڕاڵی دەستوەردان دەکات لە کارووباری دەسەڵاتەکانی دیکە، هەروەها زۆرجار دەچێتە ناو هەندێک وردەکاری کە ئیشی ئەو نییە.

ئەمڕۆ شەممە، 24-2-2024، د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئەمە جاری یەکەم نییە دادگای فیدڕاڵی دەستوەردان دەکات لە کارووباری دەسەڵاتەکانی دیکە، جا چ دەسەڵاتی جێبەجێکردن بێت یان دەسەڵاتی یاسادانان، ئەمەش پێشێلکردنی مەبدەئێکە لەدەستوور، کە زۆرجار دەچێتە هەندێک وردەکاری کە ئیشی ئەو نییە".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو پێکەوە ژیانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، ئەو دێت بە ئامانجی دەگرێت، کە نابێت پێکهاتەکان مافیان هەبێت و پێگەیان هەبێت، بۆیە ئەو بڕیارانە کاریگەری لەسەر بیروڕای حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە لەسەر مافی پێکهاتەکان، هەروەها بەردەوامیش دەبێت لە پشتگیریکردنی پێکهاتەکان.

لەسەر بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان عەبدوڵڵا گوتی: دادگای فیدڕاڵی زۆر وردەکاری داوە رەنگە لە بنەڕەتدا ببێتە بەربەست لە جێبەجێکردنیدا، دەکرا باسی ئەوەی کردبا دەبێت مووچەی فەرمانبەران گەرەنتی بکرێت، بەڵام هاتووە باس لە مووچەی فەرمانبەران دەکات لە چوارچێوەی بودجەدا، بەڵام لە چوارچێوەی بودجە هەموو فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی تێدا نییە، تەنیا زیاتر لە پێنج سەد هەزار فەرمانبەری تێدایە، وە فەرمانبەرانی دیکە چۆن جێ بەجێدەکرێت.

باسی لەوەشکرد، "ئێمە 100 واژۆمان ئاراستەی سەرۆکوەزیران کرد، بەوەی کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە ئینفاقی فیعلی جیا بکرێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەخراوەتە سەر بەرنامەی کاری پەرلەمان، دەکرا بنێردرێت بۆ پەرلەمان و بەسێ دانیشتن هەموار دەکرایەوە. بۆیە ئەمە پێچەوانەی یاسایی دادگای فیدڕاڵیشە، چونکە لە یاسای دادگای فیدڕاڵی هاتووە هەر بڕیارێک دەبێت هۆکارەکەشی لەگەڵ بێت بەڵام ئەوە باسی هۆکاری ئەو بڕیارەی نەکردووە.