شاندێکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق گەیشتە هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

شاندێکی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بۆ مەبەستی وردبینیکردن لە خەرجی و داهاتی شەش مانگی دووەمی ساڵی 2023ـی مووچەخۆران گەیشتە هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ شەممە (24ـی شوباتی 2024) هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی رایگەیاند، شاندێکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و سبەی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان وردبینی لە خەرجی و داهاتی شەش مانگی دووەمی ساڵی رابردوو دەکەن.

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری، گوتیشی: ئەو شاندە سبەی یەکشەممە لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان دەست بە وردبینی لە خەرجی و داهاتی شەش مانگی دووەمی ساڵی رابردوو دەکەن کە ئەوەش لە چوارچێوەی رێکارێکی هونەری یاسای بودجەی عێراقە کە سێ مانگ یان شەش مانگ جارێک وردبینی لە داهات و خەرجیەکان دەکەن.

هونەر جەمال، باسی لەوەشکرد، بریارە شاندەکە سەردانی هەردوو  وەزارەتی دارایی و  سامانە سروشتیەکانی هەرێمی کوردستان بکەن.