زانا مەلا خالید: یەكێتی بەرپرسە لە ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

زانا مەلا خالید، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان
زانا مەلا خالید، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان

K24 – هەولێر:

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، رایدەگەیەنێت؛ تەنیا پێکهاتەکان مافی ئەوەیان هەیە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن، هاوکات دەڵێت: یەكێتی بەرپرسە لە ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

زانا مەلا خالید، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، لەمیانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەرپرسە لە ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان.

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، راشیگەیاند، "دوای چەند دانیشتنێک لەگەڵ یەکێتی رازیبووین بەوەی کە هەرێمی کوردستان دابەشی چەند بازنەبێت لە هەڵبژاردندا بکرێت، ئەم بابەتەیان وەک بیانوێک دەهێناوە، کاتێک بەوە رازی بووین ئەمجارە هاتنە سەر بابەتی کورسی پێکهاتەکان".

زانا مەلا خالید، دەڵێت: "ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان ئەو کاتی زۆر بە روونی بە یەکێتیمان راگەیاند کە بە هیچ شێوەیەک ئامادەنین قسە لەسەر کورسی پێکهاتەکان بکەین، چونکە پێکهاتەکان خۆیان بوونیان هەیە لە هەرێمی کوردستان و دەبێت خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن".

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، گوتیشی: بەداخەوە یەکێتی رازی نەبوون بەوەی کە پێکهاتەکان خۆیان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن، چوون لە دادگای فیدراڵی سکاڵایان لەسەر کورسی کۆتاکان تۆمار کرد.

زانا مەلا خالید، باسی لەوەشکرد، "لەسەر کۆی پێشنیازەکانی یەکێتی رازیبووین تەنیا بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دوانەکەوێت و لە کاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت، کێشەمان نەبوو لەوەی کورسی بۆ پێکهاتەکانی سنووری سلێمانی تەرخان بکرێت، تەنیا ئێمە لەوە ناکۆک بووین گوتمان ناکرێت پێکهاتەکان خۆیان بوونیان هەبێت و یەکێتی و پارتی لەبری ئەوان بڕیار بدەن".

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، "لە پەرلەمانی عێراق کورسی پێکهاتەکان بوونی هەیە، بۆ هی خۆیان بە دەستووری دادەنێن و هی هەرێمی کوردستانیش بە نادەستووری؟"، لە ماددەی 49ـی دەستووری عێراقدا هاتووە، کە پەرلەمان نوێنەری هەموو پێکهاتەکان دەکات، کەواتە دەبێت پێکهاتەکان لە پەرلەمان بوونیان هەبێت.

زانا مەلا خالید، لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە کورسی پێکهاتەکانی پەرلەمانی کوردستان، گوتی: ئەوەی دادگای فیدراڵی بڕیاری لێدا، ئەمە بڕیاری دادگا نییە بەڵکو ئەمە یاسادانانە، لە کاتێکدا ئەرکی دادگای فیدراڵی نییە یاسا دەربکات، بەڵکو یاسا دەرکردن ئەرکی پەرلەمانە.

رۆژی چوارشەممە (22ـی شوباتی 2024) دادگای فیدراڵی لە 12ـەمین دانیشتنیدا بریاری لەبارەی سکاڵاکەی یەکێتییەوەدا، بەپێی بریارەکە ژمارەی کورسی کۆتاکانی پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشێنداریەوە و ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111ـەوە کەمکرایەوە  بۆ 100 کورسی.