کاوە گەردی: پێشبینی دەکەین لە ناوەڕاستی ئەمساڵ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت

کاوە گەردی، کارگێڕی بەشی ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان
کاوە گەردی، کارگێڕی بەشی ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان

K24 – هەولێر:

کارگێڕی بەشی ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان ھۆکاری دووجار داخستنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەگەرێنێتەوە بۆ یەکێتی کە لە رێگەی سکاڵایەکەوە بەربەستی بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن دروست دەکرد. دەشڵیت: پێشبینی دەکەن لە ناوەراستی ئەمساڵ ھەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.

دوو ساڵ بەسەر ئەو رۆژە تێپەری کە وادەی یەکەمی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی بۆ دیاریکرا، ھەر ئەوکات حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو وەزارەت و فەرمانگەکانی راسپارد ھەماھەنگبن بۆ بەرێوەچوونی ھەڵبژاردن.

ھۆکاری سیاسی و سکاڵاکەی یەکێتی دوو جار وادەکەی دواخست، بۆ وادەی سێیەمیش لایەنەکان چاوەڕوانی  سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان و کۆمیسیۆنن پێشبینی دەکەن وادەی سێیەم ناوەڕاستی ئەمساڵ بێت

کاوە گەردی، کارگێڕی بەشی ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە کوردستان24ـی گوت: ئەوانەی سکاڵایان کرد ئەوان هۆکار بوون بۆ دواخستنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دەبوو کێشەکە لەنێو پەرلەمانی کوردستان چارەسەر بکرێت نەک لە دادگای فیدراڵی.

گوتیشی: پێشبینی دەکەین لە ناوەڕاستی ئەمساڵ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت.

رۆژی سێشەممە (20ـی شوباتی 2024) شاندی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی نوێنەری یۆنامی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانى عێراق بە مەبەستی تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی ئامادەکاریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، شاندی باڵای کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا، بە شاندی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی راگەیاندووە، دەتوانن لە سەرەتا تا ناوەڕاستی مانگی شەشی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدەن.