کاریگەریی گەمارۆکان لەسەر ئابووری ئێران رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێت

کاریگەریی گەمارۆکان لەسەر ئابووری ئێران رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێت
کاریگەریی گەمارۆکان لەسەر ئابووری ئێران رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێت

K24 - هەولێر

کاریگەریی گەمارۆکان لەسەر ئابووری ئێران رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێت؛ هاوسەنگیی بازرگانیی ئێران لەگەڵ جیهانی دەرەوە تێکچووە و، خواستیش لەسەر کاڵای وڵاتەکە کەمبووەتەوە.

گەمارۆ ئابوورییەکان کاریگەرییەکی نەرێنی زۆریان لەسەر ئابووری ئێران دروستکردووە. بەگوێرەی راپۆرتێکی  ناوەندی ئابووریی ئۆنلاینی ئێران، تێکڕای رێژەی هەناردەکردن بۆ  یەک لەسەر سێی رێژەی هاوردەکردنی کاڵاکان لە پەیوەندییە بازرگانییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی جیهان دابەزیوە.

ناوەندەکە ئاشکرایکردووە، هەڵاوسانی دۆلار لەسەر کاڵاکانیان زیاد بووە بۆیە کاڵاکان بە نرخی گرانتر لە جاران بەرهەم دەهێندرێن. بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، گۆڕانکارییەکان لە نرخی دۆلاری کاڵای هەناردەکراو بە ڕێژەی سەدا 1.3 بەرزبووەتەوە بە بەراورد بە وەرزی پێشوو، کە ڕێژەی لە سەدا 0.6 بووە.

 لە کاتێکدا نرخی کاڵای هەناردەکردن یەکێکە لە گرنگترین هۆکاری کاریگەر لەسەر ئاڵوگۆڕی دەرەکی لەگەڵ وڵاتان، بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان لە ئاستی هەناردەکاری ئێران کاریگەری نەرێنی لە تێکڕای ئاستی هەناردەکاری دروست دەکات، چونکە نرخی کاڵاکان لەناوەوەی ئەو وڵاتە بەراورد دەکات لەگەڵ نرخی هەمان کاڵاکان لە دەرەوە و هەرچەندە تێچووی بەرهەمهێنانی کەلوپەلەکانی ئێران زیاتر بێت خواستی بیانی لەسەر کەمدەبێتەوە، لە ئەنجامیشدا ئاستی هەناردەکاری ئەو وڵاتە زیاتر نزمدەبێتەوە.

لەگەڵ ئەوەی هەڵاوسانی دۆلار بەرزبووەتەوە هاوکات نرخی کاڵای هەناردەکراو بە تمەن بەبەراورد بە دوو وەرزی پێشوو بە ڕێژەی سەدا 2.6 دابەزیوە. هەروەها رێژەی ساڵانەی هەڵاوسان بەتمەن لە ئاستی تێکڕای هەناردەکاری ئێران لە سەدا 39.4 بۆ لە سەدا 36.38 دابەزیووە.

بەگوێرەی ناوەندی ئاماری ئێران، لەماوەی ساڵیکدا هەڵاوسانی دۆلار بە ڕێژەی %24.2 لەسەر گرووپی ئامێرە کارەباییەکانی وەک ئامێرەکانی پەخشکردن  و، تەلەفزیۆن و پارچەکانی، تۆمارکراوە کە ئەمە بەرزترین ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانەیە کە لە ئامارە فەرمییەکاندا تۆمارکرابێت.

هەروەها ئامێرەکانی فۆتۆگرافی و پشکنین، وەک: ئامێری فۆتۆگرافی و کۆنترۆڵ و پێوانەی وردو، ئامێرە پزیشکییەکان، لەمساڵدا  روبەڕووی هەڵاوسانی دۆلاری 11.6% بوونەتەوە.

لەم ماوەیەدا چەوری و رۆنی ئاژەڵی و رووەکی بە رێژەی 10.9% و، بەرهەمە خۆراکیەکان بە رێژەی 10.8% و، بەرهەمە دەستکردە بەردینەکان بە رێژەی 10% لە گرووپی ئەو بەرهەمانەدان کە کەوتوونە ژێر کاریگەری هەڵاوسانی دۆلاری لە ئاستی تێکڕای هەناردەکاری بازرگانی ئێران.