محەممەد زراری: حکومەتی ھەرێم ئاسانکاری بۆ وردبینی لە خەرجی و داھاتە نەوتی و نانەوتییەکان کردووە

محەممەد زراری، گوتەبێژی دیوانی چاودێری دارایی ھەرێمی کوردستان
محەممەد زراری، گوتەبێژی دیوانی چاودێری دارایی ھەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

پرۆسەی وردبینی لە خەرجی و داھاتی شەش مانگی دووەمی ساڵی 2023ـی ھەرێمی کوردستان دەستیپێکرد کە لیژنەیەکی ھاوبەشی ھەردوو دیوانی چاودێری دارایی عێراق و ھەرێمی کوردستان ئەنجامی دەدەن، گوتەبێژی دیوانی چاودێری دارایی ھەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە لایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە ئاسانکارییان بۆ کراوە بۆ وردبینی لە خەرجی و داھاتە نەوتی و نانەوتییەکان.

لیژنەی ھاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی ھەرێمی کوردستان و عێراق، وردبینی لە داهاتی نەوتی و نانەوتی شەش مانگی دووەمی ساڵی رابردوودا دەکەن، دوای دانانی پلان بەگوێرەی پسپۆڕیان دابەشی وەزارەتەکان دەبن، دە رۆژ کاتیان لەبەر دەستە.

محەممەد زراری، گوتەبێژی دیوانی چاودێری دارایی ھەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو وردبینییە تەنیا پەیوەستە بە داهات و خەرجی، تایبەت نییە بە لیستی مووچەی مووچەخۆران، تەنیا بۆ ئەوەیە کە بزاندرێت حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی شەش مانگی کۆتایی ساڵی رابردوو چەند داهات و چەند خەرجی هەبووە.

گوتیشی: حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئاسانکاری بۆ وردبینی لە خەرجی و داھاتە نەوتی و نانەوتییەکان کردووە.

وردبینی لە خەرجی و داھات یەکێکە لە ماددەکانی یاسای بودجە، ھەرێمی کوردستان جگە لە پابەندبوون ئاسانکاری کردووە بۆ پرۆسەی وردبینیەکە، ئەرکی لیژنەکانیشی ئاسانکردووە، لە راپۆرتی یەکەم لیژنەکە سەرسامی پرۆسەی خەرجی و داھاتی ھەرێمی کوردستان بوون.

بەگوێرەی دەرئەنجامی راپۆرتی یەکەم بووایە، دەبوو عێراق پابەندی یاسای بودجە بێت، بەڵام ھێشتا بیانوو دێنێتەوە، ئەمەش زیاتر بە کات کوشتن دەزانرێت.

لای خۆیەوە ئەرشەد حاجی تەھا، پسپۆری ئابووری بە کوردستان24ـی گوت: لێکتێگەیشتنێک لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق هەیە، بەڵام لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا سیاسەتی حکومەتی عێراق بریتیبوو لە برسیکردنی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەسپێشخەربووە لە نەهێشتنی بیانووەکانی حکومەتی عێراق.

رۆژی شەممە (24ـی شوباتی 2024) هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی رایگەیاند، شاندێکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق هاتنە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان وردبینی لە خەرجی و داهاتی شەش مانگی دووەمی ساڵی رابردوو دەکەن.

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری، گوتیشی: ئەو شاندە لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان دەست بە وردبینی لە خەرجی و داهاتی شەش مانگی دووەمی ساڵی رابردوو دەکەن کە ئەوەش لە چوارچێوەی رێکارێکی هونەری یاسای بودجەی عێراقە کە سێ مانگ یان شەش مانگ جارێک وردبینی لە داهات و خەرجیەکان دەکەن.