هاوسەرۆکی دەم پارتی: 40 ساڵە کێشەی کورد لە تورکیا بە شەڕ چارەسەر نەبووە

تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی

K24 – هەولێر:

هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) داوای دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەکات و رایگەیاند، 40 ساڵە کێشەی کورد بە شەڕ و قەدەکردنی زمان و سەپاندنی قەییوم چارەسەر نەبووە.

رۆژی یەکششەممە (25ـی شوباتی 2024) تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە ناوچەی ئەسنیۆرتی ئیستانبوڵ رایگەیاند، شەڕ و پێکدادانەکانی 40 ساڵی رابردوو کێشەی کوردی چارەسەر نەکردووە، پێویستە جارێکی دیکە قۆناغی ئاشتی دەستپێبکاتەوە.

تولای هاتیمئۆغوڵڵاری گوتیشی: "40 ساڵە کێشەی کورد بە کوشتار، پێکدادانەکان، قەدەغەکردنی زمانی کوردی و سەپاندنی قەییوم چارەسەر بوو؟ بێگومان نەخێر. کێشەی کورد بووەتە کێشە لە وڵاتەکەمان و ناوچەکەمان. ئەم پرسە کێشەیەکی ئیتنییە. کێشەی ناسنامەیە. کێشەی پێگەیە. ئەمە کێشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چوار پارچەی کوردستانە".

هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بەوەشکرد: "زۆر جار بانگەوازمان ئاراستەکردووە، وەرن پێکەوە لە تورکیا لەرێگەی ئاشتی و دیموکراسییەوە کێشەی کورد چارەسەر بکەین، ببین بە نموونە بۆ عێراق و سووریا و ئێران، وەرن یەکگرتوویی گەلان فەراهەم بکەین".

رۆژی (22ـی شوباتی 2024) ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی لەبارەی بوونی هەماهەنگی و کۆبوونەوە لەگەڵ ئاکپارتی رایگەیاند، هیچ کۆبوونەوەیەکی نهێنی نەکراوە و هەر کۆبوونەوەیەکیش هەبێت لەبەردەم رای گشتی دەبێت و جەختیکردەوە: "لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەی کورد بە شێوەی دادپەروەرانە و هەمیشەیی، ئامادەین لەگەڵ هەموو کەسێک کۆببینەوە. دەرگامان بەڕووی هەموو ئەوانە کراوەتەوە کە دەیانەوێت لەم پرسە بەرپرسیارییەتی وەربگرن و رۆڵیان هەبێت. ئێمە حزبی خەبات و دانوستاندنین، چەندین جار ئەمانەمان دووبارە کردووەتەوە".

لەبارەی دیدارەکانی دەم پارتی لەگەڵ لایەنەکان، سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی بەندکراوی هەدەپە، دوای زیاتر لە نۆ مانگ لە بێدەنگی لە (9ـی شوباتی 2024) رایگەیاند: کۆبوونەوە و دیداری نێوان دەم پارتی و ئاکپارتی یان جەهەپە ئاساییە و ئەگەر ئەم کۆبوونەوانە نەبێت، ئەوە بەمانای کێشە دێت، بۆیە پێویستە ئەم دیدارانە بەردەوام بن لەپێناو دیموکراسی.

رۆژی هەینی (19ـی کانوونی دووەمی 2024) رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی رایگەیاند: لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانیان لە دژی چەکدارانی پەکەکە لە عێراق و سووریا بەردەوام دەبن.

هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە 31ـی مانگی ئاداری داهاتوو بەڕێوەدەچێت و بە گوێرەی ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا 36 پارتی سیاسی مافی ئەوەیان هەیە بەشداری بکەن لەوانەش: دەم پارتی، ئاکپارتی، جەهەپە، مەهەپە، ئیی پارتی، دەڤا، سەعادەت، ئاییندە، هوداپار و تەواوی ئەو فراکسیۆنانەی کە لە پەرلەمانی تورکیا کورسییان هەیە و ئەو پارتە تۆمارکراوانەی کورسی پەرلەمانییان بەدەستنەهێناوە دەتوان بەشداری بکەن.

زیاتر بخوێنەوە: بەشداری کورد لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا