سیئۆل لێکۆڵینەوە لە کۆمپانیایەک دەکات کە ناوی لە لیستی سزاکانی ئەمەریکایە

کۆریایی باشوور
کۆریایی باشوور

K24 - هەولێر

بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوە لە سیئۆل رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەکەی لێکۆڵینەوە لە کۆمپانیایەکی کۆریای باشوور دەکەن کە ناوی لە لیستی سزاکانی ئەمەریکایە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 26ـی شوباتی 2024، بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوە لە سیئۆل رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی لێکۆڵینەوە لە کۆمپانیایەکی کۆریای باشوور دەکەن کە ناوی لە لیستی سزاکانی ئەمەریکادایە، ئەمەش بەهۆی پەیوەندییە گوماناوییەکەی لەگەڵ رووسیا. کۆمپانیای دایسۆنگ ئینتەرناشناڵ ترێدینگ کۆمپانیا کە دەکەوێتە شاری گیمهای لە باشووری رۆژهەڵاتی کۆریای باشوور، هەینی رابردوو بووە یەکێک لەو 93 کۆمپانیایە کە لەلایەن نووسینگەی پیشەسازی و ئاسایشی وەزارەتی بازرگانی ئەمەریکاوە بۆ لیستی قەوارەکانی سنووردارکردنی هەناردەکردن خرایە لیستی سزاوە.

ئەو بەرپرسە گوتیشی: "سەبارەت بە کۆمپانیاکە، ئێمە پێشوەختە زانیاریمان لەگەڵ ئەمەریکادا هاوبەش کردووە، و لە ئێستادا دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکانمان خەریکی لێکۆڵینەوەن"، ئاماژەی بەوەشکرد کە حکومەت پلانی هەیە بەردەوام بێت لە کارکردن لە نزیکەوە لەگەڵ واشنتن و وڵاتە سەرەکییەکانی دیکە لە  جێبەجێکردنی سزاکانی سەر رووسیا.

بە گوتەی ئەو بەرپرسە حکومەتی کۆریای باشوور، "سەرۆکی کۆمپانیای دایسۆنگ ئینتەرناشناڵ هاووڵاتییەکی پاکستانییە".

وەزارەتی بازرگانی کۆریای باشوور رایگەیاند، ئەوان و دەزگای گومرگی وڵاتەکە چاویان لە پێشێلکارییە یاساییەکانی کۆمپانیاکەیە، وەک یاسای بازرگانی دەرەوە. دوای لێکۆڵینەوەکان، حکومەت بەنیازە سزای بدات، ئەگەر هەر سەرپێچییەکی یاسا دەرکەوت.