نوجەبای عێراق هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی هێرشی سەر هێزەکانی ئەمەریکا دەکات

چەکدارێکی میلیشیا عێراقییەکان - فۆتۆ: فرانس پرێس - ئەرشیف
چەکدارێکی میلیشیا عێراقییەکان - فۆتۆ: فرانس پرێس - ئەرشیف

K24 - هەولێر

ئەمینداری گشتی گرووپی میلیشیای نوجەبای عێراق هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا دەکات و دەڵێ، راگرتنی هێرشەکانمان لە دژی بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا وەک بێدەنگییەکی بەر لە هەڵکردنی گەردەلوولە.

ئەکرەم كەعبی ئەمینداری گشتی بزووتنەوە نوجەبا، کە باڵێکی ئەو گرووپە میلیشیانەیە خۆیان بە بەرەی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ناساندووە، ئاشکرایکردووە، ئەم بێدەنگییەی ئێستا هەیانە بەرانبەر بە بنکە و سەربازەکانی ئەمەریکا، تەنیا تاکتیکێکی کاتیی نییە بۆ خۆ رێکخستنەوە، بەڵکو بێدەنگییەکە وەک بەر لە هەڵکردنی گەردەلوول وایە.

كەعبی بەبێ ناوهێنانی هیچ لایەنێکی دیاریکراو ئاماژەیداوە، هەندێک لایەن زانیارییان لە سەر بەرەی موقاوەمە و بنکەکانی بەرەکە بە هێزەکانی ئەمەریکاداوە، هەربۆیە ناچار بوون پابەندی بێدەنگی بن.

هەروەها ئاماژەیداوە، بە خۆڕیکخستنەوە و گۆڕینی شوێنەکانیان و پاراستنی براکانیان لەگەڵ گۆڕینی تاکتیکی شەڕ، ئامادەکارییەکانیان تەواو دەبێت و چاوەڕوانی سەرسوڕمانەکان بکەن، کەعبی دەشڵێت "هەر کەسێک شارەزایی سەربازیی هەبێت دەزانێت چی دەڵێین و چی دەکەین، چونکە دەمانەوێت پارێزگاری لە حەشدی شەعبی بکەین و لە هێرش و ئامانجەکانی ئەمەریکا بەدووریان بگرین".

لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەیەک لە گرووپە میلیشیاکانی بەرەی بە ناو موقاوەمەی عێراق بە کەناڵی عالەمی سەر بە ئێرانی راگەیاندووە، لە چەند رۆژی رابردوودا، ئەکرەم کەعبی نێوەندگیری سەرکردە سیاسیی و دیبلۆماتییەکانی بۆ راگرتنی هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمەریکا رەتکردووەتەوە، مەرجیشی بۆ راگرتنی هێرشەکان، راگەیاندنی خشتەی کاتی کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە عێراق و راگرتنی شەڕی غەززە بووە.

پەرلەمانی عێراق لە کانوونی دووەمی 2020، تەنیا دوو رۆژ دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندی جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا، یاسای کۆتایی هێنان بە مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هێزە بیانییەکانی دیکەی دەرکرد، دوای چەند گەڕێکی دانووستان، پاش دەست لەکارکشاندنەوەی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیارەکە هەڵپەسێردرا.