ئازاد کورەچی: دادگای فیدراڵی حەزی بەو پێکەوەژیانە نییە کە لە هەرێمی کوردستان هەیە

K24 – هەولێر

ئازاد کورەچی، سەرۆکی لیستی میللەت رایگەیاند، پێکهاتەکان لەبرئەوە کورسی کۆتایان پێدراوە چونکە جەماوەرێکی زۆریان نییە، دەشڵێت: "دادگای فیدراڵی حەزی بەو پێکەوەژیانە نییە کە لەهەرێمی کوردستان هەیە".

ئازاد کورەچی، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، هاوکات سەرۆکی لیستی میللەت، بە کوردستان24ـی راگەیاند، تورکمانەکان و کلدان و ئاشوور، لەبەر ئەوەی کورسی کۆتایان پێدراوە چونکە جەماوەرێکی زۆریان نییە، هەروەها توانای ماددی و مەعنەوی سیاسیان بەهێز نییە تاوەکو هەمووشتێکیان پێبکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەبەر ئەوە دیارە کاتی خۆی هەرێمی کوردستان بیریکردووەتەوە کە پەرلەمان فرە پێکهاتە بێت نەک تەنیا کوردی تێدابێت، ئێستاش یەکێک لە حزبەکانی کوردستان چووە سکاڵای کردووە، کە دادگاش بڕیارەکەی داوە ناوی پێکهاتەکانی نەهێناوە، تەنها گوتیەتی ئەو 111 کورسییە دەبێتەوە 100 کورسی.

کورەچی دەشڵێت: ئەو حزبەی دەڵێت ئێمە نوێنەری راستەقینەی خۆمان نین، من رەتی دەکەمەوە، بائەوان لەجیاتی سکاڵاکردن هاتبووانە هاوکاری و پاڵپشتی ماددی مەعنەوی سیاسی ئێمەیان بکردبووایە، چونکە ئەگەر سکاڵای ئەوان نەبوایە دادگای فیدراڵی هیچ بڕیارێکی لەوبارەوە دەرنەدەکرد. بۆیە ئەوانە لێدانێکیان لە هەرێمی کوردستان و پێکهاتەکان دا، ئەوەش بەگران لەسەر لایەنی سکاڵاکار دەوەستێت.

گوتیشی: پەرلەمان دامەزراوەیەکی چاودێرییە، بۆیە زۆرجار داوام لە لایەنە سیاسییەکان کردووە کێشەکانیان لەدەرەوەی پەرلەمان چارەسەر بکەن. چونکە لایەنگری هەر لایەنێک بکەین ئەوەی دیکە نیگەران دەبێت.

بەگوتەی کورەچی: "دادگای فیدراڵی حەزی بەو پێکەوەژیانە نییە کە لەهەرێمی کوردستان هەیە، چونکە ئەگەر حەزی لێبوایە سکاڵاکەی وەرنەدەگرت".