مووچه‌ی رۆژێكی فه‌رمانبه‌رێكی ئێران به‌شی كڕینی دوو هه‌مبه‌رگر ده‌كات

خاوەن دووکانێک لە تاران (وێنە: AP)
خاوەن دووکانێک لە تاران (وێنە: AP)

K24 - هەولێر

حکومەتی ئێران بڕی 10 ملیۆن تمەن واتا کەمتر لە 200 دۆلاری وەک لانیکەمی مووچەی فەرمانبەرانی وڵاته‌كه‌ی بۆ ساڵی داهاتوو دیاریکردووە.

مووچەی ڕۆژێکی فەرمانبەرانی ئێران و رۆژهەڵاتی کورستان تەنیا دوو هەمبەرگەر یا چوار لەفەی فەلافل دەکات. حکومەتی ئێران بۆ ساڵی داهاتوو، بڕی 10 ملیۆن تمەنی وەک لانیکەمی مووچەی فەرمانبەران دیاریکردووە. ئەم پارەیە دەکاتە کەمتر لە 200 دۆلار. مووچەی خانەنشینان لەوەش کەمترە و مانگێ 9 ملیۆن تمەنە.

وەکو ئەوەی هاووڵاتیان باسی دەکەن، ئەم مووچەیە تەنانەت بەشی حەفتەیەک ژیانی ئاسایی ناکات. دەشڵێن، "مووچەکە هێندە نییە تا بڵێیت بەشی بژێویت بکات، بتوانیت برنج و گۆشتی سووری پێ بكڕیت، چونکە نرخی هەموو پێویستییەکان بەرزن ، بۆیە مووچەکە بەشی پێنج رۆژ خەرجی خێزانێکی سێ کەسیش ناکات".

بە پێی ئەم مووچە مانگانەیەی حکومەت دیارییکردووە، مووچەی ڕۆژێکی فەرمانبەران دەکاتە نزیکەی 6 دۆلار. بە نرخی ئێستای بازاڕی ئێران، فەرمانبەران ناتوانن بەم پارەیە کیلۆیەک گۆشت بکڕن و لە نێوان کیلۆیەک پەنیر، دوو هەمبەرگەر، چوار لەفەی فەلافل و دوو کیلۆ و نیو برنج، تەنیا دەتوانن یەکێکیان بکڕن.

هاووڵاتییەکی دیکەش دەڵێت، "کێشەکە ئەوەیە هەموو کەسێک مانگانە ناتوانێت 10 ملیۆن تومەنیشی دەست بکەوێت و ئەو داهاتەی هەبێت، چونکە هیچ کارو داهاتێک نییە. ئەگەر کار و داهاتێک هەبێت خەڵکی کێشەیان لە خەرج نابێت، بەڵام زۆرینەی خەڵکی بێکارن، ئەمەش هۆکارێکە هەموو کەسێک نەتوانن خێزان پێکبهێنێت".

دیاریکردنی ئەم مووچەیە بۆ فەرمانبەران و خانەنشینان لە کاتێکدایە کە بە پێی نوێترین ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، هەڵاوسانی ساڵانە لە مانگی رابرودودا لە سەرووی 42٪ بووە و هەڵاوسان لە کەرتی خواردەمەنییەکانیش لە سەرووی 80٪ـە. ئەمەش بەو مانەیەیە کە فەرمانبەران و مووچەخۆرانی ئەم وڵاتە، ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ هەژارتر دەبن و بەهای داهاتەکەیان کەمتر دەبێتەوە.