کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و ئەنتۆنی بلینکن دەستیپێکرد

کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا - وێنە: کوردستان24
کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا - وێنە: کوردستان24

K24 – واشنتن:

کۆبوونەوەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە واشنتن دەستیپێکرد.

پەیامنێری کوردستان24 لە واشنتن رایگەیاند، کەمێک پێش ئێستا لەمیانی سەردانە فەرمییەکەی بۆ ئەمەریکا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەبارەگای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە واشنتن کۆبوونەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 لە کۆبوونەوەکەدا، ئەنتۆنی بلینکن بە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی راگەیاندووە، لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبین و هاوشانی هەرێمی کوردستان لە ئاڵنگارییەکانی ناوچەکە دەوەستینەوە.

شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە یاوەری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەکەن پێکهاتووە لە شۆرش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، بەیان سامی عەبدولرەحمان، راوێژکاری سەرۆکوەزیران و تریفە عەزیز، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا و چەند راوێژکارێکی دیکە.

هاوکات شاندی یاوەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هەریەکە لە باربارا لیف یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی نزیک، ڤیکتۆریا تایلەر، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و چەند بەرپرسێکی دیکەی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا پێکهاتوون.

پێشتریش ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە (26ـی شوباتی 2024)، کاتژمێر 11:00 بە کاتی واشنتن و 7:00ـی ئێوارە بەکاتی هەولێر، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پێشوازی لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات.

ئێوارەی رۆژی (24ـی شوباتی 2024) بە بانگهێشتێکی فەرمی، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە واشنتنی پایتەختی ئەمەریکا و بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، چەندین دیداری لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە لە کۆشکی سپی، وەزارەتی دەرەوە و کۆنگرێس دەبێت کە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکان، پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتی عێراق و ناوچەکە دەبێت.

 

کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا - وێنە: کوردستان24
کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا - وێنە: کوردستان24