تابلۆی "پێکەوەژیانی" ئافرەتێکی کورد دەگەیەندرێتە کۆشکی سپی

K24 – هەولێر

شاناز جەمال، دیزاینەر و چالاکوانی کورد، وەک گوزارشت لە پێکەوەژیانی ئاشتیانەی هەرێمی کوردستان، تابلۆی "پێکەوەژیان"ی نەخشاندووە و تابلۆکەی گەیەندرایە کۆشکی سپی، وەکخۆی دەڵێت: بە دوو ئامانج ئەو تابلۆیەم نەخشاندووە.

شاناز جەمال بە کوردستان24ی گوت: "توانیم وەک یەکەم هونەرمەندی کورد تابلۆی کولتووری زێڕینی کوردەواری بگەیەنمە کۆشکی سپی کە وەک بەرزترین دەسەڵاتی سیاسی ئێستای جیهان ئەمە خۆی پەیامێکە، ئێمە وەک نەتەوەی کورد هەمیشە هەوڵی ئەوەمان داوە کە بە کولتوور روحی  ئاشتی و خۆشەویستی و پێکەوەژیان نیشانی هەموو جیهان بدەین و ئێمەی کورد هەردەم دەسپێشخەرین بۆ ئاشتی و ئارامی و گەیاندنی پەیامی پێکەوەژیان، ئەمەریکاش هەمیشە رۆڵێکی گرنگی هەبووە لە پاڵپشتی کردنی کوردستان، جگە لە بابەتی سیاسی ئەمەریکا لە رێگەی کونسوڵخانەکەی لە هەولێر لە چەند بوارێکدا هاوکاری دانیشتوانی هەرێمی کوردستانی کردووە، وەک رەخساندنی هەلیکار و ناردنە دەرەوەی بەشێکی زۆری قوتابیان بە مەبەستی درێژەدان بە خوێندن و بەرەو پێشچوونی زیاتری توانای گەنجان، بۆیە بە ئەرکی خۆم زانی وەک هاووڵاتییەکی هەرێمی کوردستان لە پای هەوڵ و خەمخۆریان لە رێگەی هونەرەکەمەوە سوپاسێکان پێشکەش بکەم کە ئەویش تابلۆکەمە کە هاوکات گوزارشتە لە پێکەوەژیانی گەلی کورد".

دەشڵێت: ئامانجێکی دیکەم لەم کارە ئەوەیە کە توانای ژنانی کورد و بوێری و کۆڵنەدانیان نیشانی هەموو جیهان بدەین، ئەوەبوو تابلۆکەم لە رێگەی شاندێکی حکومەتی  هەرێمی کوردستان، کە پێکهاتبوون لە پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و خالید جەمال، بەڕێوەبەری گشتی کاروباری کریستیانەکان گەیەندرایە کۆشکی سپی".

شاناز جەمال، ئاماژە بەوەدەکات لە ساڵی 2015ـەوە دەستی بە کاری هونەریی و کۆکردنەوە و زیندوکردنەوەی پارچە و بابەتە مێژووییەکان کردووە، ئەو دەڵێت: "بە ئەرکی خۆم دەزانم کە خزمەت بە کولتووری نەتەوەکەم بکەم، ئەو شتانەی لە کۆنەوە باو بوونە کۆیان دەکەمەوە و جارێکی تر دەیان نەخشێنمەوە دەیانکەم بە تابلۆیەکی رەنگین و وەک پەیامی ئاشتی و خۆشەویستی و پێکەوەژیان پێشکەشی سەرکردەکان و کۆشک و دەسەڵاتە سیاسییەکانی جیهانی دەکەم، ئەمەش وەک پەیامێکی ئاشتی و پێکەوەژیانی نەتەوەکەم".

ئەو دیزاینەرە کوردە پێشتر چەند کارێکی کردووە کە دەنگدانەوەی هەبووە، لە 9/10/2019، لە ڤاتیکان  یاوەری شاندێکی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستانی کردووە، وەک یەکەم ئافرەت بەرگی پێکەوەژیانی ئایینەکانی پێشکەش بە پاپای ڤاتیکان کرد، لەبارەی ئەو بەرگە شاناز گوتی: "هەموو نەهامەتییەکانی گەلی کورد وەک ئەنفال، کیماباران و ئازارەکانی دیکەی گەلەکەم لەسەر ئەو بەرگە نەخشاندووە، لە مەراسیمێکی شکۆدار و مێژوویدا بەرگەکەم پێشکەش بە پاپای ڤاتیکان کرد، ئەمەش بۆ من و بۆ کوردستان دەستکەوتێکی مەزن بوو".

ئەو هونەرمەندە کوردە خەختدەکاتەوە کە بەردەوام دەبێت لە کارەکەی، گوتیشی: "بەردەوام دەبم لە بڵاوکردنەوەی پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیان لە رێگەی هونەرەکەمەوە، لە داهاتوودا پڕۆژەی زۆر مەزنتری هاوشێوەی بەرگی ئاشتی پاپای ڤاتیکان ئەنجام دەدەم".

شاناز جەمال مەحموود، لە دایکبووی شاری سلێمانییە، وەک هونەرمەند و شێوەکار لەم چەند ساڵەی دواییدا بە نەخشاندنی چەند تابلۆیەک سەرنجی بەشێک لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و بیانییەکانی راکێشاوە، وەک دیزاینەر و ئافرەتێکی دەستڕەنگین کار لەسەر بە زیندوهێشتنەوە و نەخشاندنەوەی بابەتە کولتوورییەکان دەکات.

.
.
.