لوکاس پۆدۆڵسکی لە سوڵتانی یاریگاکان بۆ پاشای کەباب و دۆنەر

لۆکاس پۆدۆڵسکی
لۆکاس پۆدۆڵسکی

لوکاس پۆدۆڵسکی یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا گەرچی نزیکە تەمەنی ببێتە 39 ساڵ، بەڵام هێشتا لە یاریکردن بەردەوامە و یاریی بۆ یانەی گۆرنیک زابزری پۆڵەندی دەکات، جگە لە تۆپی پێ ئێستا پۆدۆڵسکی سەرچاوەی دیکەی داهاتی پارەی هەیە.


پۆدۆڵسکی لە ساڵی 2018 چێشتخانەیەکی کەباب و دۆنەری کردەوە، لە ماوەی یاریکردنی لە یانەی گەلەتەسەرای تورکی بیرۆکەی کردنەوەی ئەم کارەی بۆ هات، ناوی لە چێشتخانەکە نا "مانگال دۆنەر" و ئەم چێشتخانەیەی کردە براندێکی بەناووبانگ، ساڵ بە ساڵ پۆدۆڵسکی کارەکەی لەسەرتاسەری ئەڵمانیا فراوان کرد و ئێستا بە گشتی خاوەنی 30 لقی چێشتخانەکەیە، پۆدۆڵسکی لەم کارەیدا سامانێکی زۆری کۆکردووەتەوە و ئێستا سامانەکەی زیاترە لە 207 ملیۆن یۆرۆ.


چێشتخانەکەی پۆدۆڵسکی یەکەمین براندی بازرگانی ئەم یاریزانە نییە و لە ساڵی 2017 و دوای تەنیا دوو ساڵ لە جیابوونەوەی لە ئارسێناڵ، براندێکی بازرگانی بۆ ئایس کرێم دامەزراند بە ناوی "ئایس کرێم یونایتد".


لوکاس پۆدۆڵسکی لەدایکبووی ساڵی 1985ـە لە پۆڵەندا، خاوەنی رەگەزنامەی ئەڵمانی، جگە لە هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، یاریی بۆ یانەکانی کۆڵن، بایرن میونشن، ئارسێناڵ، ئینتەر میلان، گەلەتەسەرای، ڤیسێل کۆبی و ئەنتاڵیا سپۆر کردووە و ئێستا لە یانەی گۆرنیک زابرزی پۆڵەندی یاریی دەکات.

 

لۆکاس پۆدۆڵسکی لە یەکێک لە چێشتخانەکانی لە ئەڵمانیا
لۆکاس پۆدۆڵسکی لە یەکێک لە چێشتخانەکانی لە ئەڵمانیا