کەرخی ئاڵتی بەرماخ: بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دژی پێکهاتەکان زیندەبەچاڵکردنی دیموکراسییە

کەرخی ئاڵتی بەرماخ، سەرۆکی بزووتنەوەی دیموکراتی تورکمان
کەرخی ئاڵتی بەرماخ، سەرۆکی بزووتنەوەی دیموکراتی تورکمان

K24 – هەولێر:

سەرۆکی بزووتنەوەی دیموکراتی تورکمان رایدەگەیەنێت؛ سەرۆک بارزانی و سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هەمیشە فریادڕەسی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان بوونە.

کەرخی ئاڵتی بەرماخ، سەرۆکی بزووتنەوەی دیموکراتی تورکمان لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24 رایگەیاند، "ئەمڕۆ وەک پێکهاتەکان کۆبوونەوەیەکمان لە ماڵی تورکمان لەگەڵ زۆرینەی کونسوڵخانەکان و نوێنەری یەکێتی ئەوروپا ئەنجامدا، باسمان لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی کرد کە دژی پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان دراوە".

سەرۆکی بزووتنەوەی دیموکراتی تورکمان، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دژ بە کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان بە ناڕەوا لە قەڵەم دەدات و دەڵیت: ئەمە پاشگەزبوونەوەیە لە دیموکراسییەت.

کەرخی ئاڵتی بەرماخ، ئاشکرایکرد، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ ئەو زوڵمەی کە دەرهەق بە پێکهاتەکان کراوە بە کونسوڵخانەکان و نوێنەری یەکێتی ئەوروپایان راگەیاند، هاوکات گوتی: "مافی نەتەوە و پێکهاتەکان ژیڕپێ خراون، ئەمەش دەبێتە هۆی تێکدانی ئەو پێکەوەژیانەی کە لە هەرێمی کوردستان هەیە".

سەرۆکی بزووتنەوەی دیموکراتی تورکمان، لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدرالی ئاماژەی بەوەدا، بڕیارەکە زیندەبەچاڵکردنی دیموکراسییە، هەروەها دادگاکە نادەستوورییە و تاکلایەنەیە و ئامانجی سیاسی لە پشتەوەیە.

کەرخی ئاڵتی بەرماخ، گوتی: "وەک پێکهاتەکان بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی رەتدەکەینەوە و ناڕەزایەتی خۆشمان گەیاندە وڵاتان".

سەرۆکی بزووتنەوەی دیموکراتی تورکمان، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، سەرۆک بارزانی و سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هەمیشە فریادڕەسی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان بوونە.

رۆژی چوارشەممە، (21ـی شوباتی 2024) دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو سکاڵایانەی لە دژی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و یاسای تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراببون، کۆبووەوە.

لە دانیشتنەکەدا دادگای فیدراڵی دژی کورسی کۆتاکانی پەرلەمانی کوردستان بڕیاریدا، هاوکات ژمارەی کورسی کۆتاکانی پەرلەمان هەڵوەشێنداریەوە و ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانیش لە 111ـەوە کەمکرایەوە  بۆ 100 کورسی.

لای خۆیانەوە پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی تایبەت بە کورسی کۆتاکان دەربڕی و بڕیارەکە رەتدەکەنەوە.

هاوکات بڕیارەکەی دادگا بە سیاسی دەزانن و جەختیش لە گەڕانەوەی مافەکانیان دەکەنەوە.