بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی هاوکێشە سیاسییەکانی عێراقی لە بەرژەوەندی چوارچێوەی هەماهەنگی گۆڕیوە

دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق
دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق

K24 - هەولێر:

بڕیارەکانی ئەم دوایەی دادگای باڵای فیدراڵی هاوکێشە سیاسیەکانی لە بەرژەوندی چوارچێوەی هەماهەنگی گۆڕیوە، بە جۆرێک ئەو لایەنانەی بنکەی جەماوەری گەورەیان هەیە لە پەراوێزی بڕیارەکانی ئەو دادگایە هەست بە پەرواێزخستنیان دەکەن، سەرکردەیەکی نێو هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتیش هۆشداری دەدات لە هەڵوه‌شاندنەوەی هاوپەیمانیەکە و داوا لە سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق دەکات، دووکەڵی ئەو ئاگرە داپۆشێت کە لە داهاتوو بەرۆکی عێراق دەگرێت.

سەلام زوبێدی، گوتەبێژی هاوپەیمانی نەسڕ له‌و باره‌یه‌وه‌ هۆشداری دەداتە لایەنەکان و تایبه‌ت به‌ كوردستان24 رایگه‌یاند، ئەگەر دەست لە سیاسەتی پشت بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی هەڵنەگرن ئەوە هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت هەڵدەوەشێتەوە و کابینەی حکومەتەکەی محمد شیاع سودانیش دەخاتە تونێلێکی تاریکەوە.

سەلام زوبێدی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، کشانەوەی سەدرییەکان لە پڕۆسەی سیاسی و دورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی لە پۆستەکەی و دواین بڕیاریش کە تایبەت بوو بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، ڕه‌نگدانەوای خراپی دروستکردووە و رەنگە هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت هەڵوەشێتەوە و کێشە بۆ چارەنووسی حکومەتەیش دروست بکات، بۆیە ئەرکی سودانییە ئاوێک بەو ئاگرەدا بكات کە لە داهاتوودا بەرۆکی عێراق دەگرێت.

ناوچەی سەوز لە بەغدا تەنیا رەنگی یەک لایەنی سیاسی گرتووە، کورد و سوننەشی تێدا فەرامۆش کراوە، ئەمەش عێراقی خستووەتە نێو تونێلێکی تاریک کە ئایندەکەی روون نییە.

له‌و باره‌یه‌وه‌ موخەله‌د حازم، شرۆڤەکاری سیاسی تایبه‌ت به‌ كوردستان24 رایگه‌یاند، سێ کوچکەی حکومڕانی لە رووخاندایە. گوتیشی،

پەراوێزخستنی کورد و سوننە به‌ ئاشكرا دیاره‌، ئەو بەڵێنانەی پێیان درا بۆ پێکهێنانی حکومەت جێبەجێ نەکراوە، بۆیە لە کۆتایی ئەمە مەترسییەکی گەورە لەسەر داهاتووی ئەم حکومەتە دروست دەکات، چونکە رەنگە سێ کوچکەی پێکهێنانی حکومەت کورد و سوننەی تێدا بکشێتەوە.

چوارشەممە، 21-02-2024، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو سکاڵایانەی لە دژی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و یاسای تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون، کۆبووەوە.

بەشێک لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان:

1. کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی ئەرکی بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیکردنی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە جێگەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان دەگرێتە ئەستۆ.

2. بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش دەکرێت.

3. ژمارەی کورسی کوتاکان کە 11 کورسین هەڵدەوەشێندرێنەوە و نادەستوورین؛ بەو پێیەش کۆی ژمارەی کورسی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە دەکرێنە 100 کورسی.

بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان:

1. دەبێت بە پێی ماددەی 116 و 117 دەستووری عێراق؛ یەکسانی هەبێت لە دابەشکردنی داهاتی سەروەت و سامانیی گشتی و نابێت ستەم لە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکرێت. 

2. دەبێت هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کار بۆ ئەوە بکەن کە مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە کاتی خۆی دابەش بکرێت.

3. دەبێت هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان پابەندی یاسایی بودجەی گشتیی فیدراڵی بن بۆ پێدانی شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.