سوپای ئەڵمانیا درۆنێکی ئەمەریکی لە دەریای سوور خستەخوارەوە

کەشتی جەنگی هێنس لە دەریای سوور
کەشتی جەنگی هێنس لە دەریای سوور

K24 – هەولێر

کەشتییەکی جەنگی ئەڵمانی لە چوارچێوەی چالاکیی و ئۆپرسراسیۆنە ئەمنییەکانی ئەوروپا بۆ پارێزگاری لە کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور بە هەڵە درۆنێکی سوپای ئەمەریکای حستەخوارەوە و بەرپرسانی سوپای ئەڵمانیاش دەڵێن "ئۆپراسیۆنی هاوپەیمانان پێویستی بە هەماهەنگیی و رێکخستنەوەی زیاتر هەیە".

وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا بڵاویکردووەتەوە، سوپاکەیان رۆژی دووشەممە لە دەریای سوور بە هەڵە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی وڵاتێکی هاوپەیمانیان خستووەتە خوارەوە، بەبێ ئەوەی ناوی وڵاتەکە بهێنێت.

هەروەها ئاماژەیداوە، کەشتییە جەنگییەکەیان بەبێ ئاگادارکردنەوەی وڵاتانی هاوپەیمان تەقەی لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە کردووە.

بەڵام بۆریس پیستۆریۆس، وەزیری بەرگری ئەڵمانیا رایگەیاندووە، کەشتی جەنگی "هێسن" تەقەی لە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی نەناسراوکردووەو نەیتوانیوە بیپێکێت، بەڵام دواتر دەرکەوتووە فڕۆکەکە، درۆنێکی چاودێری بووە.

هەروەها هەفتەنامەی "دێر شپیگڵ"ی ئەڵمانی بڵاویکردووەتەوە، کەشتییەکی جەنگی ئەڵمانی لە دەریای سوور دوو مووشەکی ئاراستە درۆنێک کردووە، بەڵام نەیپێکاوە و درۆنەکە بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە لە دەریا کەوتووەتە خوارەوە.

هەر بە گوێرەی زانیارییەکانی هەفتەنامەکە، ئەو درۆنەی کەوتووەتە خوارەوە لە جۆری MQ-9 Reaper ئەمەریکییە و گومان دەکرێت لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ناوچەکەدا لە ئەرکدا بووبێت.

دێر شپیگڵ لە زاری بەرپرسانی سوپای ئەڵمانیا بڵاویکردووەتەوە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی هاوپەیمانان لە دەریای سوور و نزیک لە یەمەن پێویستی بە رێکخستنەوەی هەماهەنگیی زیاتر هەیە، رووداوی تەقەکردن و کەوتنەخوارەوەی درۆنە ئەمەریکییەش، نیشانەی ئەو بێ هەماهەنگییەیە.

کەشتی جەنگی ‌‌هێنس کۆتایی هەفتەی رابردوو لە چوارچێوەی ئۆپەرسیۆنی هێزی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا گەیشتە دەریای سوور بۆ بەشداربوون لە پاراستنی ئاسایشی دەریاکەو پارێزگاری لە کەشتییە بازرگانییەکان.