قەتەر و فەرەنسا 200 ملیۆن دۆلار بۆ هاوکاری کردنی گەلی فەڵەستین تەرخان دەکەن

کەمپی فەڵەستینییەکان لەشاری رەفەح
کەمپی فەڵەستینییەکان لەشاری رەفەح

K24 - هەولێر

قەتەر و فەرەنسا بەڵێنی 200 ملیۆن دۆلاریان دا بۆ پاڵپشتیکردنی گەلی فەڵەستین، هەروەها دەستپێشخەرییەکیان دەستپێکردووە بۆ هاوکاریکردن لە کۆکردنەوەی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە.

دوێنێ چوارشەممە، قەتەر و فەرەنسا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا رایانگەیاند، " ئەو کوشتن و برسێتییەی کە گەلی فەڵەستین لە کەرتی غەززە تووشی دەبێت" رەتدەکەینەوە.

هەردوو وڵات جەختیان لە دژایەتی خۆیان بۆ هێرشکردنە سەر شاری رەفەح کردەوە، بەڵێنیان دا کە "200 ملیۆن دۆلار بۆ پشتیوانی لە گەلی فەڵەستین" دابین بکەن.

لە پەراوێزی سەردانەکەی شێخ تەمیم بن حەمەد میری قەتەر بۆ پاریس، هەردوولا دەستپێشخەرییەکیان لە بواری هاوکارییە مرۆییەکان راگەیاند، بۆ کەمکردنەوەی ئازاری ئەو هاووڵاتییە مەدەنییە فەڵەستینییانەی کە لە کەرتی غەززە گیریان خواردووە.

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، دوێنێ چوارشەممە، سێ فڕۆکەی سەر بەهێزەچەکدارەکانی قەتەر گەیشتوونەتە شاری عەریش لە میسر، کە 75 تۆن هاوکاری مرۆییان هەڵگرتووە، کە لەنێویدا 10 ئەمبولانس و پێداوسیتییەکانی حەوانەوە و خۆراکی تێدابووە.

میری قەتەر بۆ ماوەی دوو رۆژ سەردانی فەرەنسای کرد، نووسینگەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، ئامانجیان قووڵکردنەوەی هاوکارییەکانی نێوان فەرەنسا و قەتەرە، بەتایبەتی لە بوارەکانی بەرگری و ئاسایشدا.

دیداری میری قەتەر لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا لە کاتێکدایە کە دانوستانکارانی ئەمەریکا، میسر و قەتەر کار دەکەن بۆ نێوەندگیری و رێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان حەماس و ئیسرائیل، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە حەماس ژمارەیەک لە بارمتەکانی ئیسرائیل ئازاد بکات، لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل زیندانییە فەڵەستینییەکان ئازاد بکات، هەروەها ئاگربەستەکە بۆ ماوەی شەش هەفتە بەردەوام بێت.