ئایدن مەعروف: لە دژی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی یاداشتنامەیەکمان داوەتە نوێنەری وڵاتان

ئایدن مەعروف
ئایدن مەعروف

K24 - هەولێر

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان رایگەیاند، یاداشتنامەیەکمان ئامادەکردووە و ناردوومانە بۆ لایەنی پەیوەندی دار و کونسوڵخانەکان، تاوەکو دادگا بە بڕیارەکانی دابچێتەوە، چونکە ستەمێکی زۆر لە پێکهاتەکان کراوە.

ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئێمە وادەبینین ستەمێکی زۆر لە پێکهاتەکان کراوە، بۆیە ئێمە یاداشتنامەیەکمان ئامادەکردووە کە تایبەتە بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە پێکهاتەکان".

مەعروف گوتیشی: لە یاداشتنامەکەدا زیاتر باسی بڕیارەکانی دادگا بەرانبەر بە کۆتاکان کراوە، کە ئەو بڕیارانەی کە دەرچوونە نادەستوری نایاسایین، بۆیە داواکارین لایەنە پەیوەندیدارەکان فشار لەسەر دادگای فیدراڵی دروستبکەن بۆ ئەوەی دادگا پێداچوونەوە بە بڕیارەکەدا بکات.

وەزیرەکەی هەرێم ئاماژەی بەوەشکرد، لەیاداشتنامەکەدا باس لەوەشکراوە بۆ لە عێراق سیستەمی کۆتا هەیە بەڵام لە هەرێمی کوردستان ئەم سیستەمە هەڵوەشێندراوەتەوە، کە ئەمەش دیارە مەبەستەکە سیاسییە و دەستوەردانە لە کاروباری کۆتاکان. بەوهۆیەوە یاداشتەکەمان بۆ لایەنی پەیوەندیدار و کونسوڵخانەکان ناردووە.

مەعروف دەشڵێت: "ئێمە بەردەوام دەبین لە هەڵوێستەکەمان بە رێگەیەکی مەدەنی، بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بە بڕیارەکەی دادگا بکرێتەوە، چونەک ئەو بڕیارە هەڵەیەکی مێژویی بوو دژی کۆتاکان.

لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان هۆکاری کێشەن؟، مەعروف گوتی: ئەمە پروپاگەندەی سیاسییە، چونکە ئێمە ئازادین چۆن و لەگەڵ کێ رێکدەکەوین، بۆیە ئەوە زیاتر بیانووە.

رۆژی چوارشەممە، (21ـی شوباتی 2024) دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو سکاڵایانەی لە دژی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و یاسای تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراببون، کۆبووەوە.

لە دانیشتنەکەدا دادگای فیدراڵی دژی کورسی کۆتاکانی پەرلەمانی کوردستان بڕیاریدا، هاوکات ژمارەی کورسی کۆتاکانی پەرلەمان هەڵوەشێنداریەوە و ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانیش لە 111ـەوە کەمکرایەوە بۆ 100 کورسی.

لای خۆیانەوە پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی تایبەت بە کورسی کۆتاکان دەربڕی و بڕیارەکە رەتدەکەنەوە.

هاوکات بڕیارەکەی دادگا بە سیاسی دەزانن و جەختیش لە گەڕانەوەی مافەکانیان دەکەنەوە.