هالاند بارسێلۆنا تووشی شۆك دەكات

ئێرلینگ هالاند هێرشبه‌ری نه‌رویجی یانه‌ی مان سیتی
ئێرلینگ هالاند هێرشبه‌ری نه‌رویجی یانه‌ی مان سیتی

بە گوێرەی سەرچاوەیەكی راگەیاندنی ئیسپانیا، ئێرلینگ هالاند هێرشبەری نەرویجی دەیەوێت لە دوای جێهێشتنی یانەی مانچێستەر سیتی رووبكاتە یەكێك لە یانە گەورەكانی ئیسپانیا.
 جیرارد رۆمیرۆی رۆژنامەنووسی نزیك لە بارسێلۆنا رایگەیاندووە كۆبوونەوەیەك لە نێوان دیكۆی بەڕێوەبەری وەرزشی بارسێلۆنا و رافایلا پێمێنتای بەڕێوەبەری كارەكانی هالاند كراوە.
رۆمیرۆ وێنەی كۆبوونەوەكەی نێوان ئەو دوو كەسەی بڵاو كردووەتەوە و دەڵێت: دیكۆ ناتوانێت ئینكاری بكات كە لە كۆبوونەوەكەدا باسی خواستی بارسێلۆنای بۆ هالاند نەكرد بێت، بەڵكو گفتوگۆیەكی زۆریان لەبارەی چارەنووسی هالاند لەگەڵ مان سیتی كردووە.
لە لایەكی دیكەیشەوە، رادیۆ ماركا لە رێگەی سەرچاوەیەكی نزیك لە ئێرلینگ هالاند رایگەیاندووە هالاند دوای جێهێشتنی مانچێستەر سیتی ڕوو لە ریال مەدرید دەكات نەك بارسێلۆنا.
سەرچاوەكە ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە هالاند تەنانەت بۆ گاڵتەش نایەوێت باسی پەیوەندیكردنی بە بارسێلۆنا بكرێت، بە پێچەوانەوە هەمیشە بیری لای ریال مەدریدە.
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، هالاند لە ئێستادا بیر لە جێهێشتنی مانچێستەر سیتی ناكاتەوە، بەڵام ریال مەدرید لە پلانەكانی دا هەیە، هەرگیز بارسێلۆناش بەهۆی كێشەی داراییەوە ناتوانێت گرێبەست لەگەڵ یاریزانێكی وەكو هالاند بكات.
لە لایەكی دیكەیشەوە رادیۆ ماركا هێمای بۆ ئەوەش كردووە دیدارەكەی نێوان دیكۆ و پێمێنتای بەڕێوەبەری كارەكانی یاریزانان رەنگە بۆ ئەوە بێت كە بارسێلۆنا دەیەوێت هەندێك یاریزانی یانەكەی بفرۆشێت.
ئێرلینگ هالاندی تەمەن 23 ساڵ، لە هاوینی 2022 بە بەهای 60 ملیۆن یۆرۆ لە بوروسیا دۆرتمۆندەوە روویكردە مانچێستەر سیتی، لەگەڵ یانە ئینگلیزییەكە لە كۆی 83 یاری، 79 گۆڵ و 15 ئاسیستی كردووە، خەڵاتی باشترین یاریزانی ئەورووپا، نازناوێكی چامپیۆنزلیگ و نازناوێكی پرێمەرلیگی بردووەتەوە و گرێبەستەكەی لە هاوینی 2027 لەگەڵ مان سیتی كۆتایی دێت، ئێستا لە بۆرسەی یاریزانان نرخی 180 ملیۆن یۆرۆیە.