عیرفان کەرکووکی: حکومەتی هەرێمی کوردستان داکۆکی لە مافی پێکهاتەکان دەکات

عیرفان کەرکووکی، سەرۆکی پارتی گەلی تورکمان
عیرفان کەرکووکی، سەرۆکی پارتی گەلی تورکمان

K24 – هەولێر:

سەرۆکی پارتی گەلی تورکمان ئاماژە بەوەدەکات، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دژی کورسی کۆتاکانی پەرلەمانی کوردستان پێشێلکردنی دەستوورە. هاوکات دەڵێت: حکومەتی هەرێمی کوردستان داکۆکی لە مافی پێکهاتەکان دەکات.

عیرفان کەرکووکی، سەرۆکی پارتی گەلی تورکمان، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند، بڕیاری دادگای فیدراڵی دژی کورسی پێکهاتەکان پێشێلکردنی دەستوورە، ئەم بڕیارەش دەبێتە درزێک بۆ پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان.

سەرۆکی پارتی گەلی تورکمان، ئاماژەی بەوەدا، دادگای فیدراڵی دیموکراسییەت و بنەماکانی مافی مرۆڤی پێشێل کردووە، لە هەموو جیهان پێکهاتەکان مافەکانیان زامن کراوە لە کایە سیاسییەکان بەشدارییەکی کارایان هەیە، بەڵام تەنیا لە عێراق ئەو مافە پێشێل کراوە.

عیرفان کەرکووکی، دەڵێت: لە دەستووری عێراقدا هاتووە کە پێکهاتەکان خۆیان بتوانن بەشدارییەکی راستەوخۆیان هەبێت لە دامودەزگاکانی دەوڵەت، بەڵام ئەوەی لە عێراق روودەدات لێدانە لە پڕۆسەی دیموکراسییەت.

سەرۆکی پارتی گەلی تورکمان، گوتیشی: ئێمە وەک پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا سەرجەم بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیامان رەت کردەوە، هاوکات داوامان لە سەرجەم کونسوڵخانە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە کە داکۆکیکار بن بۆ گەڕانەوەی مافەکانمان.

عیرفان کەرکووکی، باسی لەوەشکرد، هەموو دامودەزگا، بەرپرسان و حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتگیری لە مافی پێکهاتەکان دەکەن و نیگەرانن لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی.

رۆژی چوارشەممە (28ـی شوباتی 2024) پێكھاتەكانی هەرێمی کوردستان لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دژی کورسی کۆتاکانی پەرلەمانی کوردستان راگەیەندراوێکی ھاوبەشیان بڵاوكردەوە تێیدا ھاتبوو، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی كورسییه‌كانی پێكهاته‌كان له‌لایه‌ن دادگای فیدراڵییه‌وه‌ به‌ پێشێلكارییه‌كی ده‌ستووری ئاشكرا داده‌نرێت، به‌و پێیه‌ی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق مافی هه‌موو پێكهاته‌كانی گه‌لی عێراقی زامن كردووه‌.

هەروەها بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، ئه‌م بڕیاره‌ بناغه‌كانی دیموكراسی و فره‌یی و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی تێكده‌دات، كه‌ ئه‌زموونی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ری بنیات نرابوو.

پێکهاتەکان ئەوەشیان خستبووەڕوو، بڕیارەكە ئاماژەیەكی مه‌ترسیداره‌ بۆ دابه‌زینی دیموكراسی و مافی مرۆڤ و هاوبه‌شی نیشتمانی، كه‌ بریتین له‌و پره‌نسیپه‌ بنچینه‌ییانه‌ی‌ پڕۆسه‌ی سیاسی له‌ عێراق له‌ دوای ساڵی 2003ـی له‌سه‌ری بنیات نرابوو.

هاوکات جەختیان لەوەشکردبووەوە، كه‌مینه‌كان هه‌ست ده‌كه‌ن بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی مافی نوێنه‌رایه‌تیكردنیان له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان په‌یامێكی سیاسییه‌ كه‌ هه‌ڵگری مانای مه‌ترسیداره‌.

پێکهاتەکان ئاماژە بەوەشکرد، بڕیارەكە ده‌بێته‌ هۆی به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی زیاتری ئه‌و ئازادی و مافه‌ سه‌ره‌تاییانه‌ی كه‌مینه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان كە لە ھەرێمی كوردستان و عێراق به‌ده‌ست هاتوون، هەورەها داواش دەکەن هێزه‌ سیاسییه‌ نیشتمانییه‌كان پشتیوانی له‌ مافه‌ نیشتمانییه‌كانی‌ پێكهاته‌كان بكه‌ن و ناده‌ستووریبوونی ئه‌م بڕیاره‌ی دادگای فیدراڵی دووپات بكه‌نه‌وه‌.