سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمەریکا کۆبووەوە

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە واشنتن
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە واشنتن

K24 – هەولێر:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ واشنتن، لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێس کۆبووەوە و جەختی لە جێبەجێکردنی دەستوور و دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان و پاراستن و رێزگرتن لە قەوارەی دەستووری و فیدراڵی هەرێمی کوردستان کردەوە.

رۆژی پێنجشەممە (29ـی شوباتی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن، لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمەریکا کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا نانسی پیلۆسی، سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا و سێس مۆڵتن و دۆن بەیکن و براد وێنسترەپ و ئەماتا کۆلمەن ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بەشدار بوون .

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، کۆنگرێسمان بەیکن بە ناوی ئەندامانی کۆنگرێسەوە، بەخێرهاتنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و وەک جەنگاوەر و خەباتکاتکارێکی ڕێگەی ئازادی ناساند و جەختی لە گرنگیی پاراستنیی ئاسایش و ئارامیی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان کردەوە.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سوپاسی هاریکاری و پشتیوانیی ئەمەریکای کرد و ئاماژەی بە گرنگیی جێبەجێکردنی دەستوور و دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان و پاراستن و رێزگرتن لە قەوارەی دەستووری و فیدراڵی هەرێمی کوردستان کردەوە.

لەلایەن خۆیەوە، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران، وێڕای خۆشحاڵی نیشاندان بۆ سەردانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا، گوتیشی رێز و پێزانینمان بۆ ئازایەتی و قارەمانیەتی و خەبات و قوربانیدانەکانی خەڵکی کوردستان هەیە.

کۆنگرێسمان مۆڵتن دووپاتی کردەوە کە ئێمە بە هەموو شێوەیەک لەگەڵ بەهێزبوونی هەرێمی کوردستانین.