عوسمان عەلی: ئەمەریکا لە رووی ئابووری و بازرگانی پشتیوانی لە هەرێمی کوردستان دەکات

عوسمان عەلی، سەرۆکی رێکخراوی تاسک بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی
عوسمان عەلی، سەرۆکی رێکخراوی تاسک بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی

K24 – هەولێر:

 سەرۆکی رێکخراوی تاسک بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی ئاماژە بەوەدەکات، ئەمەریکا گرنگییەکی تایبەت بە هەرێمی کوردستان دەدات و ئەگەر هێزەکانیان لە عێراقیش بکشێننەوە لە هەرێمی کوردستان ناکشێنەوە.

عوسمان عەلی، سەرۆکی رێکخراوی تاسک بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24 رایگەیاند، سەردانەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ ئەمەریکا لە کاتێکی گرنگدا بوو، چونکە هەرێمی کوردستان فشارێکی زۆری لەسەرە و پێویستی بە پاڵپشتی ئەمەریکا هەیە.

سەرۆکی رێکخراوی تاسک بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی، ئاماژەی بەوەدا، هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان ئەگەر لە عێراقیش بکشێنەوە، لە هەرێمی کوردستان ناکشێنەوە، چونکە ئەمەریکا گرنگییەکی تایبەت بە هەرێمی کوردستان دەدات.

عوسمان عەلی، گوتی: لە دواڕۆژێکی نزیکدا هاوکارییەکانی هاوپەیمانان و ئەمەریکا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە زیاتر دەبێت، بەڵام بەو مەرجەی دەبێت هێزەکانی پێشمەرگە یەکبخرێنەوە.

سەرۆکی رێکخراوی تاسک بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی، گوتیشی: ئەمەریکا لە رووی ئابووری و بازرگانی پشتیوانی لە هەرێمی کوردستان دەکات.

ئێوارەی رۆژی (24ـی شوباتی 2024) بە بانگهێشتێکی فەرمی، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە واشنتنی پایتەختی ئەمەریکا و بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، چەندین دیداری لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە لە کۆشکی سپی، وەزارەتی دەرەوە و کۆنگرێس دەبێت کە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکان، پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتی عێراق و ناوچەکە دەبێت.