سەرۆکی پارتێک لە ئەڵمانیا دژی دابینکردنی مووشەکێک بۆ ئۆکرانیا دەوەستێتەوە

تێنۆ خروپالا، سەرۆکی پارتی بەدیلی توندڕەوی  ئەڵمانیا
تێنۆ خروپالا، سەرۆکی پارتی بەدیلی توندڕەوی ئەڵمانیا

 K24 - هەولێر

سەرۆکی پارتی بەدیلی توندڕەوی ئەڵمانیا، دژایەتی توندی خۆی بۆ دابینکردنی مووشەکی "تاورۆس" بۆ ئۆکرانیا راگەیاند.

ئەمڕۆ شەممە، 2ـی ئاداری 2024، تێنۆ خروپالا، سەرۆکی پارتی بەدیلی توندڕەوی ئەڵمانیا لە پلاتفۆڕمی تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" رایگەیاند، زانیاری هەیە کە ئەفسەرانی سوپای ئەڵمانیا "بوندسوێر" هەڵسەنگاندنیان سەبارەت بە ئەگەری کردنە ئامانجی پردی کریمە بە مووشەکی "تاورۆس"ـی ئەڵمانی پێشکەش کردووە.

ئەوان ئاماژەیان بەوەشکرد، "ئەم هەنگاوانە ئەڵمانیا دەکێشێتە ناو شەڕەوە". گوتیشی" نەخێر بۆ بەکارهێنانی مووشەکی تاورۆس".

بەهۆی  دەرکەوتنی تۆمارێکی دەنگیی پەیوەندییەکی ئەفسەرانی ئەڵمانیا، کە باسیان لە ئەگەری کردنە ئامانجی پردی کریمە بە مووشەکی تاورۆس کردووە، کە مەوداکەی 500 کم.

لای خۆیەوە، هەواڵگری ئەڵمانیا دەستیان کرد بە لێکۆڵینەوە لە ئەگەری رێگریکردن لە هەر پەیوەندییەکی لەو جۆرە.

پێشتر ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا دژایەتی خۆی بۆ دابینکردنی مووشەکی تاورۆس بۆ ئۆکرانیا دەربڕی، ترسی ئەوەی هەبوو کە مووشەکەکانی بۆ لێدانی خاکی رووسیا و پەرەپێدانی ململانێکان بەکاربهێنرێن.

پێشتیر پەرلەمانی ئەڵمانیا (بۆندستاگ) دوو رەشنووسی بڕیارنامەی سەبارەت بە دابینکردنی مووشەک لە ئۆکرانیا تاوتوێ کردبوو، هەروەها پشتگیری لە یەکێک لەوانە کردبوو، بەڵام هیچ ئاماژەیەکی دیاریکراوی مووشەکی "تاورۆس"ـی تێدا نەبووە.