ئەندامێکی ئەنجومەنی جەنگ لە ئیسرائیل بەبێ رەزامەندی ناتانیاهۆ دەچێتە واشنتن

بینی گانتس ئەندامی ئەنجومەنی جەنگ لە حکومەتی ئیسرائیل
بینی گانتس ئەندامی ئەنجومەنی جەنگ لە حکومەتی ئیسرائیل

K24 – هەولێر

رۆژنامەی یەدیعوت ئەحرۆنوت ئاشکرایکردووە، بێنی گانتس، ئەندامی ئەنجومەنی جەنگ لە ئیسرائیل بەبێ رەزامەندی و گەڕانەوە بۆ بنیامین ناتانیاهۆ بڕیارە سبەی یەکشەممە (3ی ئاداری 2024) بۆ دیداری بەرپرسانی ئەمەریکا بچێتە واشنتن.

رۆژنامەکە نووسیویەتی؛ گەشتەکەی گانتس پێچەوانەی پەیڕەوی حکومەتی ئیسرائیلە، کە بەگوێرەی پەیڕەوەکە هەر یەکێک لە وەزیرەکانی حکومەت بۆ گەشت و چوونە دەرەوەی وڵات دەبێت رەزامەندی لە سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەیان وەرگرن.

یەدیعۆت ئەحرۆنوت ئاماژەشیداوە، دوای گەڕانەوەی لە واشنتن ئەگەر هەیە، گانتس سەردانی لەندەنیش بکات.

بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی بە تەواوی توڕەکردووەو رایگەیاندووە، گانتس بەم سەردانەی پێشێلی دەسەڵاتەکانی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی دەکات.

سەردانەکەی بینی گانتس، بۆ واشنتن لە کاتێکدایە، جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا رەخنەی توندی لە رەفتارەکانی حکومەتی ئیسرائیل گرت و بە دیاریکراویش هێرشیکرد سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل، ئیتمار بن غەفیر و رایگەیاند، ئەگەر حکومەتی ئیسرائیل لە رەفتارەکانی ئێستای بەمجۆرە توندڕەوییە بەردەوام بێت، دوور نییە شەرعییەتی نێودەوڵەتی لە دەست بدات.

بەگوێرەی زانیارییە بڵاوکراوەکان، پێشبینی دەکرێت گانتس، لەو سەردانەیدا بۆ واشنتن رێککەوتن لە سەر راگەیاندنی ئاگربەستی شەڕ لەگەڵ حەماس و رزگارکردنی بارمتە رفێندراوەکان بکات.

شەڕی چەکدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل نزیک دەبێتە لە مانگی پێنجەمیی وفشارە نێودەوڵەتییەکانیش لە سەر ئیسرائیل لە زیادبوونە بۆ راگرتنی شەڕ و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە.