عێراق: داهاتی هەناردەکردنی نەوت بۆ مانگی کانوونی دووەم زیاتر لە 8 ملیار دۆلار بووە

کۆمپانیای سۆمۆ
کۆمپانیای سۆمۆ

K24 هەولێر

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، کۆی داهاتی نەوت بۆ مانگی 1ـی ئەمساڵ زیاتر لە 8 ملیار دۆلار بووە.

ئەمڕۆ شەممە، 2ـی ئاداری 2024، وەزارەتی نەوتی عێراق کۆی هەناردەکردنی نەوتی مانگی 1ـی ئەمساڵ راگەیاند، بەپێی ئاماری کۆتایی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) کە بڕی هەناردەی نەوتی خاو 103 ملیۆن و 508 هەزار و 438 بەرمیل "سەد و سێ ملیۆن" و پێنج سەد و هەشت هەزار و چوار سەد و سی و هەشت بەرمیل.

لە ئامارەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کۆی بڕی هەناردەکراوی نەوتی خاو بۆ مانگی 1ـی 2024 لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بڕی 102 ملیۆن و 25 هەزار بەرمیل بووە، هاوکات بڕی هەناردەکراو لە گەیارە 1 ملیۆن و19 هەزار و 132بەرمیل بووە،هەروەها هەناردەکردن بۆ ئوردن 464 هەزار و 306 بەرمیل بووە.

هەروەها کۆی گشتی داهاتی نەوتی عێراق بۆ مانگی یەک 8 ملیار و 25 ملیۆن و 616 هەزار دۆلار بووە. بە بەراورد بەکۆی هەناردەکردنی نەوت و داهاتە داراییەکانی بۆ مانگی 12ـی 2023، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت "سۆمۆ" ئاماژەی پێکردبوو، "بڕی هەناردەکردنی نەوتی خاو 108 ملیۆن و 56 هەزار و 590 بەرمیل بووە، بە تێکڕای ڕۆژانە 3 هەزار و 486 بەرمیل، داهاتەکەی گەیشتووەتە 8 ملیار و 316 ملیۆن دۆلار بووە."