فەرهاد پیرباڵ بەشداری لە فیلمێکی نوێ دەکات

فەرهاد پیرباڵ، نووسەر و رووناکبیر
فەرهاد پیرباڵ، نووسەر و رووناکبیر

K24 - هەولێر

دەرهێنەری فیلمی "منداڵ زیزەکان" رایگەیاند، بیرۆکەی هونەرمەند و رووناکبیری کورد "د. فەرهاد پیرباڵ"ـە و لە ئێستادا سەرقاڵی وێنەگرتنی بەرهەمەکەین.

ئەمڕۆ شەممە، 2ـی ئاداری 2024، نووسەر و رووناکبیر "د. فەرهاد پیرباڵ" رایگەیاند، دوای نووسینی دەیان سیناریۆی هونەری بۆ کورتە فیلم و شانۆگەرییە کوردییەکان و نمایشکردنی فیلمی حەوت کۆ یەک، ئێستا سەرقاڵی نووسینی سیناریۆیەکی نوێیە بۆ فیلمێکی نوێ لەگەڵ "تەنیا کەریم"ـی دەرهێنەر و بۆ ئەو مەبەستەش داواکارییەک پێشکەش بە کۆمپانیا و دەزگا هونەرییەکان دەکات، هاوکاربن لەبەردەم پڕۆژە هونەرییەکەی.

لای خۆیەوە، تەنیا کەریم دەرهێنەری فیلمەکە بە کوردستان 24ـی راگەیاند: فیلمی "منداڵ زیزەکان" بیرۆکەی هونەرمەند و رووناکبیری کورد "د. فەرهاد پیرباڵ"ـە و ئێستاش سەرقاڵی وێنەگرتنی بەرهەمەکەین و تەواوی هونەرمەندە بەشداربووەکانی نێو ئەو بەرهەمە هونەرییە بە خۆبەخش لەگەڵمان بەشدارن، چونکە لە ئێستادا بەهۆی خراپی بارودۆخی دارایی ناتوانین هیچ داواکارییەک پێشکەش بە کەرتی گشتی بکەین، بەڵام بانگهێشتی سەرمایەداران و کۆمپانیا هونەرییەکان دەکەین، کە هاوکاربن لەبەردەم ئەم بەرهەمە هونەرییەی، کە دوای تەواوکردنی فیلمەکەمان بەشداری لە چەند فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتی دەکات.