سبەی شاندێکی بازرگانی ئیسپانیا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات

ئاڵاکانی هەرێمی کوردستان و ئیسپانیا
ئاڵاکانی هەرێمی کوردستان و ئیسپانیا

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاشکرایکرد، بڕیاروایە سبەی شاندێکی بازرگانی ئیسپانیا بە مەبەستی ئەنجامدانی ژمارەیەک کۆبوونەوە و بەسەرکردنەوەی ژمارەیەك پڕۆژەی بازرگانی، سەردانی هەرێمی کوردستان بکات. 

ئەمڕۆ شەممە (2ـی ئاداری 2024) سەرکەوت عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، سبەی شاندێکی بازرگانی ئیسپانیا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و بڕیاروایە زینجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتەکانی بازرگانی، کشتوکاڵ و دەستەی وەبەرهێنان ئەنجامبدات.

بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، ئاماژەی بەوەدا، شاندەکە ماوەی سێ رۆژ لە هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە، رۆژی یەکەم لە هەولێر جگە لە لایەنە حکومییەکان، پلانی ئەوەی هەیە لەگەڵ کەرتی تایبەت کۆببێتەوە، بە تایبەت لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیای ناوخۆیی.

سەرکەوت عەبدولڕەحمان، دەشڵێت: دوای هەولێر، شاندەکە سەردانی سلێمانی دەکان هەر بۆ مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ کۆمپانیا ناوخۆییەکان، هاوکات شاندەکە ژمارەیەك پڕۆژەی بازرگانیش لە هەرێمی کوردستان بەسەر دەکاتەوە.