خەڵکی بابل لە رەفتاری گرووپە چەکدارەکان و نەبوونی خزمەتگوازرییەکان ناڕازین

خۆپیشاندانی خەڵکی بابل بەردەوامی هەیە
خۆپیشاندانی خەڵکی بابل بەردەوامی هەیە

K24 - هەولێر

خۆپیشاندانی خەڵکی بابل لە دژی زۆربوونی حاڵەتەکانی کوشتن، بێسەروشوێنکردن و نەبوونی خزمەتگوازرییەکان، بەردەوامی هەیە. خۆپیشاندەران دەڵێن، "سیاسییەکان بابلیان وەکو کێک لە نێوان خۆیان دابەشکردووە و کەس خزمەتی شارەکە ناکات".

ماوەی چەند رۆرێکە لە دژی زۆربوونی حاڵەتەکانی تیرۆرکردن و بێسەروشوێنکردنی هاووڵاتییان لەلایەن گرووپەچەکدارەکان و نەبوونی خزمەتگوازریی و رەتکردنەوەی دانانی پارێزگاری شارەکە، خەڵکی بابل بە چین و توێژە جیاوازەکانەوە رژاونەتە سەر شەقامەکان.

خۆپیشاندەران دەڵێن، ئەو بابلەی هەموو جیهانی فێری نووسین و خوێندنەوە کردووە، ئێستا سیاسییەکان وەکوو کێک لە نێوان خۆیان دابەشیانکردووە.

خۆپیشاندەرێک گوتی، "سیاسییەکان لە نێوان خۆیان رێککەوتوون و بابلیان وەکوو کێک دابەشکردووە. ئێمە رژدین لەسەر گۆڕانکاریی و هەرگیز سڵ ناکەینەوە. بابل ئێستا پڕە لە قەیران و قەیرانی زیاتریشی لەبەردەم دایە. دانانی ئەو پارێزگارە بۆ بابل ستەمکردنە لە رووی یاساییەوە، ئەو بابلەی هەموو جیهانی فێری نووسین و خوێندنەوە کردووە ئەمڕۆ لە هەموو رووێکەوە ستەمی لێدەکرێت. بۆیە زۆر بە راشکاویی هۆشداریی بە حکومەت دەدەین ئەگەر شتەکان راستنەکەنەوە؛ شتێک لە ئێمە دەبینن، کەس بەرگەی ئەنجامەکەی ناگرێت".

خۆپیشاندەرێکی دیکەش باسی لەوە کرد، "بیست ساڵە خەڵکی بابل داوا دەکات، کەسێکی شەریف و دەستپاکمان بۆ بێنن خزمەتی بابل بکات، هەر هیچ نەبێت لەبەر خاتری خۆتان. ئێوە وێنەیەکی رەشتان لای خەڵکی بابل هەیە، ئەمە پەیامی ئێمەیە بۆ عەسائیب ئەهلولحەق، بابل ناوەستێت و خەڵکی ئازادیش ناگەڕێنەوە ماڵەوە، تاکوو پارێزگارێکی لێهاتوو شایستەمان بۆ دێنن ئەمە داواکاریی ئێمەیە و لە خۆپیشاندان بەردەوام دەبین".

خۆپیشاندەرانی بابل، پەیامێکی تووندی هۆشداریی ئاڕاستەی چوارچێوەی هەماهەنگی دەکەن و دەڵێن، دەبێت لەوە تێبگەن یاریی کردن بە هەستی خەڵک چ مەترسییەکی هەیە و پێویستە دەست لەو کارە هەڵگرن.

بەشێک لە خۆپیشاندەران ئەوەیان خستەڕوو: "پێویستە یاساکان وەکوو خۆی جێبەجێبکرێن. پێشێلکارییە یاساییەکان رەتدەکەینەوە، خەڵکی ئازادی بابل بێدەنگ نابن و لە خۆپیشاندان بەردوام دەبن، دەبێت چوارچێوەی هەماهەنگیی پەند وەربگرێت و لە مەترسیداریی بارودۆخەکە تێبگات. ئیتر بە کەمزانین و یارییکردن بە هەستی خەڵکی بابل قبووڵکراو نییە، چونکە بابل بە هەموو شارۆچکە و شارەدێکانییەوە بێ خزمەتە". 

خۆپیشاندان و داواکرییەکانی خەڵکی بابل لە کاتێکدان بابل یەکێکە لە کۆنترین و بە سامانترین شارەکانی عێراق، لەگەڵ ئەوەشدا یەکێکە لە بێخزمەتترین شارەکان.