شاندەکانی حەماس و ئەمەریکا و قەتەر گەیشتنە قاهیرە

K24 - هەولێر

میدیای فەرمی میسر رایگەیاند،  شاندی ئەمەریکا و قەتەر و حەماس گەیشتنە میسر بۆ دەستپیکردنەوەی گفتوگۆ سەبارەت بە رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل.

کەناڵی "قاهیرەی ئەخباری" بڵاویکردەوە، "شاندەکانی حەماس و قەتەر و ئەمەریکا گەیشتنە قاهیرەی پایتەختی میسر بۆ دەستپێکردنەوەی گەڕێکی دیکەی دانوستانەکان سەبارەت بە ئاگربەستی کەرتی غەززە".

رۆژی شەممەی رابردوو ئەمەریکا رایگەیاند، ئیسرائیل لە شەڕی دژی حەماس لە کەرتی غەززە لە رووی مەبدەئیەوە مەرجەکانی پێشنیاری ئاگربەستی قبوڵ کردووە.  بەڵام هێشتا ئیسرائیل قبوڵکردنی پلانی ئاگربەستی پشتڕاست نەکردۆتەوە.

سەرچاوەیەکی سەرکردایەتی بزووتنەوەی حەماس، دوێنێ بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، رێککەوتن لەسەر ئاگربەستی غەززە لە ماوەی 24 بۆ 48 کاتژمێری داهاتوودا ئەگەری هەیە بکرێت، ئەگەر ئیسرائیل "وەڵام"ی داواکارییەکان بداتەوە.

ئەو سەرچاوەیەی نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، گوتی: "ئەمڕۆ یەکشەممە گەڕێکی دیکەی دانوستان لە قاهیرە دەستپێدەکات، ئەگەر ئیسرائیل وەڵامی بداتەوە، لە ماوەی 24 یان 48 کاتژمێری داهاتوودا رێگە خۆشدەکرێت بۆ رێککەوتن". هەروەها نێوەندگیرەکان هەوڵدەدەن پێش مانگی رەمەزان، ئاگربەست رابگەیەنن.