پارتی و یەکێتی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک تاوتوێ دەکەن

کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی لە کەرکووک (وێنە: هێمن دەلۆ - کوردستان24)
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی لە کەرکووک (وێنە: هێمن دەلۆ - کوردستان24)

K24 - هەولێر

شاندێکی لقی سێی پارتی لە کەرکووک سەردانی مەڵبەندی دووی یەکێتی کرد؛ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک و چەند پرسێکی دیکە تاوتوێ دەکەن.

بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 04-03-2024، شاندێکی لقی سێی پارتیی دیموکراتیی کوردستان لە کەرکووک بە سەرۆکایەتیی محەممەد کەمال، بەرپرسی لقەکە و بە یاوەری حەسەن مەجید، سەرۆکی لیستی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک سەردانی مەڵبەندی دووی یەکێتیی لەو شارە کرد.

شاندەکەی پارتی لەلایەن ڕەوەند مەلا مەحموود، بەرپرسی مەڵبەندی دووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کەرکووک و ئەندامانی فراکسیۆنی ئەو حزبە لە ئەنجوومەنی پارێزگاکە پێشوازییان لێ کرا.

لەبارەی ئامانجی سەردانەکەیان؛ محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی بە هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، سەردانەکەیان وەڵامدانەوە دوایین سەردانی یەكێتییە بۆ لقی سێی پارتی و دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەو حزبە باشتر بکەن.

کوردستان24 زانیویەتی، پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکووک و هەڵبژاردنی کەسێکی "سەربەخۆی کورد" بۆ پۆستی پارێزگار تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی یەکێتی و پارتی دەبێت.

لە 18ـی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو، کەرکووکییەکان دوای 18 ساڵ چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار و ئەنجوومەنی پارێزگاری نوێ؛ بەڵام دۆخی پارێزگاکە بە بنبەست گەیشتووە و هیچ کام لە پێکهاتە سەرەکییەکان ئامادەنین بۆ دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگا و هەڵبژاردنی پارێزگار مل بۆ داوای ئەوانی دیکە بدات.

کێشەی کەرکووک بەجۆرێک قووڵبووەتەوە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق خۆی دەستوەردان دەکات و دووجار کۆبوونەوەی بەلایەنە براوەکانی کەرکووک کردووە. دواین کۆبوونەوەشی دوێنێ یەکشەممە، 03-03-2024 بوو کە تێیدا داوای لە لایەنەکان کرد لە ماوەی دوو هەفتەدا نەخشەڕێگەی هەڵبژاردنی پارێزگار و ئەنجوومەنی خۆجێی کەرکووک دیاریبکەن، بەڵام تا ئێستا رێککەوتن لەسەر ئەم پرسە نەکراوە، ئاسۆی رێککەوتنیش لە هیچ لایەکەوە دیارنییە، ئەمەش دەرفەت بە راکان جبووری دەدات وەک پارێزگاری سەپێنراو لە کارەکەی بەردەوام بێت.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، لە کۆبوونەوەکەی دوێنێدا؛ لایەنە سیاسییەکانی براوەی هەڵبژاردنی کەرکووک پێشنیازەکانیان لەبارەی چۆنیەتی پڕکردنەوەی پۆستەکانی کەرکووک پێشکەشی سوودانی کردووە، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش خوێندنەوەیان بۆ دەکات. چاوەڕێش دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا بە جیا لەگەڵ هەموو لایەنەکان کۆببێتەوە.

سەبارەت بەم پرسە موسەنا سامەڕائی، سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم رایگەیاند، پێشنیازێک هەیە هاوشێوەی رێککەوتنی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، هاوپەیمانێتییەک لەنێوان پێکهاتەکانی کەرکووک پێکبهێندرێت، گفتوگۆکانیش هەر بەردەوامن.

تورکمان و عەرەب داوادەکەن هەر پێکهاتەیەک 18 مانگ پارێزگاری لەلابێت، واتە سیستەمی بەنۆرە پەیڕەوبکرێت. هەرچی پارتییە پێیباشە پارێزگاری کەرکووک کوردێکی بێلایەن بێت، لەبەرامبەردا یەکێتی جەخت لەوەدەکاتەوە، پارێزگار بۆخۆی بێت و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا بۆ عەرەب بێت.

کۆبوونەوە دووقۆڵی و سێ قۆڵییەکان بۆ یەکلایکردنەوەی ئەم پرسە بەردەوامن. بەرپرسە حیزبیەکانیش قسەی جیاواز لەسەر پشکییان لە کێکی پۆستەکان لە کەرکووک دەکەن.

18ی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو دوای 18 ساڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەڕێوەچوو، تیایدا کورد حەوت کورسی، عەرەبەکان شەش کورسی و پێکهاتەی تورکمانیش دوو کورسییان بەدەستهێنا، کورسیەکیش بۆ کریستیانەکان چوو.