چاودێرانی سیاسی: توندڕەوی و تیرۆر هەڕەشەیەکی جیددین بۆ سەر پێکەوەژیان لە عێراق
K24 - هەولێر
بیری توندڕەوی و لە عێراقدا مێژوویەکی کۆنی هەیە. بەشێک لە شارەزایان و شرۆڤەکارانی سیاسی بۆچوونیان وایە، مەیلی کۆمەڵگای عێراقی بەرەو توندڕەوی، لوتکەی کۆمەڵێک فاکتەرە و چارەسەرکردنی ئەم پرسە بنەڕەتیانە پێویستی بە چاکسازی گشتگیر هەیە.
بیری توندڕەوی، هەوڵی زۆرینە، خاوەن دەسەڵات و هێزی چەکدارەکان بۆ سڕینەوەی پێکهاتە و نەتەوەکانی دیکە لە عێراقدا مێژوویەکی کۆنی هەیە؛ هەر بۆیە لە دوای رووخانی رژێمی پێشوو، سیستەمی فیدڕاڵییەت وەک چارەسەرێکی دیموکراسی بۆ عێراق خرایە ڕوو بە هۆکاری ئەوەی وڵاتێکی فرە پێکهاتەیە لەڕووی ئایینی، زمان و کولتوورییەوە، بەڵام زۆرینەی پسپۆڕان و شارەزایانی دەستووری بڕوایان وایە، عێراق هێشتا سیستەمی فیدڕاڵییەتی جێبەجێ نەکردووە و چەندین بەربەست بۆ جێبەجێبوونی فیدڕاڵییەت لە عێراقدا هەیە.
لە میانەی بەشداریکردنی لە دیدارێکی تایبەتی کوردستان24 لە پەراوێزی دیداری رافیدەین لە بەغدا، دکتۆر عەبدولحوسێن شەعبان، بیرمەندی ناوداری عێراقی ئاماژەی بەوەدا، بیری توندڕەوی و تیرۆر هێشتا هەڕەشەی جددین بۆ سەر عێراق و پێویستە بنبڕ بکرێن.
د.عەبدولحوسێن شەعبان، گوتی: "توندڕەوی و تیرۆر هێشتا هەڕەشەیەکی گەورەن بۆ سەر پێکەوەژیان لە عێراق، بیری داعشیش هێشتا ماوە، دەشبینین لێرە و لەوێ هەندێک کەس و لایەن هەن بیری توندڕەوی بڵاودەکەنەوە".
شارەزایان بڕوایان وایە، سیستەمی فیدڕاڵییەت تاوەکو ئێستاش باشترین بژاردەیە بۆ شێوازی حوکمڕانی لە عێراق، بەڵام بەمەرجێک ویستێکی فیدڕاڵییانە و ڕۆحیەتێکی دیموکراسییانە هەبێت بۆ جێبەجێکردنی، بەو مانایەی کێشە لە سیستەمی فیدڕاڵییەت نییە، بەڵکو کێشە لەو ئەقڵییەتە ناوەندگەرا تووندەیە کە سیستەمی فیدڕاڵی پێ هەزمناکرێت.
هەر لەمیانەی دیدارەکەدا دکتۆر سەمیر حەباشنە، وەزیری پێشووی رۆشنبیری ئوردن ئاماژەی بەوەدا، هەتاوەکو بیری دەمارگیری و مەزهەبی لە کۆمەڵگای عێراقییدا بوونی هەبێت، گەیشتن بە دیموکراسی ئاسان نابێت.
وەزیری پێشووی رۆشنبیری ئوردن ئەوەی خستەڕوو: "هەتاوەکو توندڕەوی و دەمارگیری هەبێت دیموکراسییەت نایەتە ئاراوە، جیاوازی دروستکردن لەنێوان کورد و عەرەب نە لە دەستوور و نە لە فیدڕاڵییەتیشدا جێی نابێتەوە".
بەشێک لە شرۆڤەکارانی سیاسی بۆچوونیان وایە، مەیلی کۆمەڵگای عێراقی بەرەو توندڕەوی، لوتکەی کۆمەڵێک فاکتەرە چارەسەرکردنی ئەم پرسە بنەڕەتیانە پێویستی بە چاکسازی گشتگیر هەیە. دەشڵێن، "پێویستە لایەنە پێکهێنەرەکانی دەوڵەت بگەڕێنەوە بۆ ئەو پرەنسیپانەی تەوافوق و هاوسەنگی و شەراکەتی کە لەسەر بنەمای گەلی عێراق دەنگی بە دەستوور داوە وەک چەترێک بۆ پاراستنیان و زەوت نەکردنی ئاسایش و ئازادییەکانیان".