ئاسایشی هەولێر تۆمەتبارێک لەسەر تەقەکردن لە ماڵێک دەستگیردەکات

دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە لە ئاسایشی هەولێر
دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە لە ئاسایشی هەولێر

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک کە لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی تەقەی لەماڵی هاووڵاتییەک کردبوو راگەیاند و ئاشکراشیکرد، کە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سێ تۆمەتباری دیکە لەسەر ئەو رووداوە دەرچووە.

رۆژی دووشەممە (4ـی ئاداری 2024)، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە: بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، تۆمەتبارێکیان بەناوی (د ، ع ، ع) کە لە قەزای بنەسڵاوەی پارێزگای هەولێر دەستگیرکردووە، کە لەگەڵ سێ تۆمەتباری دیکە هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی و بەچەکی جۆری (کڵاشینکۆف) تەقەیەکی زۆریان لەو ماڵە کردووە و هەڵاتون، بەبێ ئەوەی زیانی گیانی لێبکەوێتەوە.

ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەشکردووە: سێ تۆمەتبارەکەی دیکە بەناوەکانی (و ، ن ، ر)، (م ، ع ، ع) و (أ ، ر) هەڵاتوون و لەلایەن دادگاوە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە و دووپاتی دەکاتەوەش: "هەرکەسێک کارێکی نایاسای ئەنجامبدات لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستگیردەکرێت لە هەر ئاست و پۆستێکدا بێت".