کەشناسی: پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە و ئەگەری بارانبارین هەیە

کەشوهەوای پێشبینیکراو
کەشوهەوای پێشبینیکراو

K24 - هەولێر

کەشناسی هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات بەفر و بارانبارین لە ناوچە شاخاوییەکان بە شێوەی پچڕ پچڕ بەردەوام بێت و لە شارەکانیش پلەکانی گەرما بەرزبێتەوە و ئەگەر هەیە سبەی بارانبارین سەنتەری شارەکان بگرێتەوە.

بەڕێوەبەرایەتى گشتى کەشناسی و بوومەلەرزەزانى کەشوهەوای پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتووی شارو شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوەو بەگوێرەی پێشبینییەکانی ئەمڕۆ سێشەممە (5ی ئاداری 2024)، ئاسمان پەڵە هەور بۆ نیمچە هەور دەبێت، بەڵام لە ناوچە شاخاوییەکان بۆ هەوری تەواو دەگۆڕێت و ئەگەری نمە بارانێکی کەم لە هەندێک لە ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتى هەرێمی کوردستان هەیە.

هەروەها پێشبینی دەکرێت، ئەمڕۆ لە بەفربارینێکی کەم لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی باکووری رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان تۆمار بکرێت.

هەر بە گوێرەی پێشبینییەکان خێرایى با لەسەرخۆو تاوەکوو ئاستی مامناوەند دەبێت، واتە خێراییەکەی لە 10 بۆ 15 کیلۆمەتر دەبێت لە هەر کاتژمێرێکدا، هاوکات بەراورد بە تۆمارەکانی رۆژی دووشەممە، ئەمڕۆ پلەکانی گەرما کەمێک بەرزتر دەبێتەوە.

سەبارەت بە پشبینییەکانی سبەی چوارشەممە (6ی ئاداری 2024)، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێمی کوردستان ئاماژەیداوە، ئاسمان نیمچەهەور دەبێت پاشان دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو، لەکاتەکانی شەودا نمە باران دەبارێت و پاشان شێوازى باران بارین دەگۆڕێت لەهەندێ ناوچەى باکوور و باکوورى رۆژهەڵات بۆ بارانى مامناوەند، هاوکات پێشبینی بەفربارین لە ناوچە شاخاوییەکان و هەندێک لەو شارۆچکانەى نزیک ناوچە شاخاوییەکان دەکرێت، بەڵام لە کاتەکانى دوای نیوە شەوی چوارشەممە لە سەنتەرى پارێزگاکان تەنیا نمە باران دەبارێت.

هەروەها پلەکانی گەرما یەک پلە بەرزتر دەبێتەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ سێشەممە جگە لە پارێزگای دهۆک، بە پێچەوانەوە پلەکانی گەرما نزم دەبێتەوە، هاوکات خێرایی با لە هەر کاتژمێرێکدا لە 10 بۆ 20 کیلۆمەتر پێشبینیکراوە.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی

هەولێر : 18

سلێمانی :17

دهۆک : 16

زاخۆ : 18

هەڵەبجە : 16

کەرکوک : 22

سۆران : 16

حاجی ئۆمەران : 6

گەرمیان : 23