وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی ئەمەریکا دەکات

K24 - هەولێر

هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا بەسەردانێکی دوو رۆژە لەم مانگەدا سەردانی ئەمەریکا دەکات.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، وەزیری دەرەوە، هاکان فیدان، بەمەبەستی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی میکانیزمی ستراتیژیی تورکیا - ئەمەریکا و سەردانی ئەو وڵاتە دەکات.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد،  لەسەردانە دوو رۆژیەکەیدا کە بڕیارە 7 و 8ـی ئەم مانگە ئەنجامی بدات، لەگەڵ هاوتا ئەمەریکییەکەی ئەنتۆنی بلینکن کۆدەبێتەوە.

چاوەڕوان دەکرێت هاکان فیدان لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، بیروڕا لەبارەی پێشهاتە ناوچەیی و جیهانییەکان و پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان ئاڵوگۆڕ بکات.

لە مانگی کانوونی دووەمی 2024، لە چوارچێوەی سەردانێکی بۆ چەند وڵاتێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، سەردانی ئیستانبوڵی کرد و لەگەڵ هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبوویەوە.