لویس ساكۆ و جێگری یاریده‌ده‌ری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا تاوتوێی كێشه‌ و گرفتی مه‌سیحییه‌كان ده‌كه‌ن

لویس ساكۆ، پاتریاركی كلدانی و ڤیكتۆریا تەیلەر، جێگری یاریده‌ده‌ری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا
لویس ساكۆ، پاتریاركی كلدانی و ڤیكتۆریا تەیلەر، جێگری یاریده‌ده‌ری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا

K24 – هەولێر:

لویس ساكۆ له‌ هه‌ولێر پێشوازی له‌ جێگری یاریده‌ده‌ری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و شاندی یاوه‌ری كرد و هه‌ردوو تاوتوێی كێشه‌ و ئازاره‌كانی مه‌سیحییه‌كان و په‌راوێزخستن و ته‌نگپێهه‌ڵچنینه‌كانیان كرد.

ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 6ـی ئاداری 2024) لویس ساكۆ، پاتریاركی كلدانی له‌ هه‌ولێر پێشوازی ڤیكتۆریا تەیلەر، جێگری یاریده‌ده‌ری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و شاندی یاوه‌ری كرد.

هه‌ردوولا له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تاوتوێی ئازار و كێشه‌ و گرفه‌ته‌كانی مه‌سیحییه‌كانیان له‌ عێراق كرد به‌تایبه‌تی په‌راوێزخستن و ته‌نگپێهه‌ڵچنیان نه‌خاسمه‌ له‌لایه‌ن "خانه‌واده‌یه‌ك" كه‌ ناویان له‌خۆیان ناوه‌ مه‌سیحی.

هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا گفتوگۆ كرا سه‌باره‌ت به‌ كشانه‌وه‌ی مه‌ڕسوومی كۆماری ژماره‌ (147) له‌لایه‌ن له‌تیف ره‌شید، سه‌رۆككۆماری عێراق به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی و ناپیشه‌ییانه‌.

هه‌ردوولا باسیان له‌وه‌ش كردووه‌، كه‌ لایه‌نه‌ ده‌ستڕۆیشتووه‌كانی عێراق تاكڕه‌وانه‌ سه‌رۆكی دیوانی ئه‌وقافی ئایینه‌كانی مه‌سیحی، ئێزدی و سابیئه‌ی مه‌ندائی ده‌گۆڕن و كه‌سانی دیكه‌ له‌ شوێنیان داده‌نێن و ده‌سه‌ڵاتی قه‌شه‌كان كه‌م ده‌كه‌نه‌وه‌.

بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە (6ی ئاداری 2024) سەرۆك بارزانی پێشوازی لە ڤیكتۆریا تەیلەر جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا كرد، کە مارك سترۆ كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر ئامادەی دیدارەكە بوو، باس لە سەردانەكەی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ واشنتن كرا و بە سەردانێكی جددی و سەركەوتوو وەسفكرا.

هەروەها باس لە بارودۆخی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی کوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و گرفتەكانی بەردەم ئەو پەیوەندییانە كرا و جەخت لە پێویستیی پاراستنی سەقامگیریی عێراق و رۆڵی هێزەكانی هاوپەیمانان لە سەقامگیریی عێراق و ناوچەكە كرایەوە.

بابەتی هەڵبژاردنەكان تەوەرێكی دیکەی دیدارەکە بوو، سەرۆك بارزانی پاڵپشتیی خۆیی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دووپاتكردەوە و هەروەها نیگەرانیی خۆیشی لەبارەی بڕیاری دادگەی فیدڕاڵ لە نەهێشتنی کورسی كۆتای پێكهاتەكان خستەڕوو، ئەو بڕیارەی بە هەوڵدان بۆ بنكۆڵكردنی مافی پێكهاتەكان و زیانگەیاندن بە پڕۆسەی دیموكراسی لەقەڵەم دا.