ئاری هەرسین: هۆکاری ئەو پیلانگێرییەی دادگا ئەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی یەک ریزی

K24- هەولێر

ئاری هەرسین رایگەیاند، هۆکاری ئەو پیلانگێرییەی لەلایەن ئەو دادگا نادەستوورییەی بەغداوە لە هەرێمی کوردستان کراوە، ئەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی یەک ریزی.

ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەسەرەتادا پیرۆزبایی یادی 33 ساڵەی راپەڕین لە خەڵکی خۆشەویستی شاری سلێمانی شاری هەڵمەت و قوربانی و رۆشنبیری دەکەم.

ئاری هەرسین ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکاری ئەو پیلانگێرییەی لەلایەن ئەو دادگا نادەستوورییەی بەغداوە لە هەرێمی کوردستان کراوە، ئەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی یەک ریزی، لەبەر ئەوە رەنگە لایەن هەبێت لە هەرێمی کوردستان بەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی خۆشحاڵ بێت.

بەرپرسەکەی لقی چوار گوتیشی: ئەگەر نەیارێکی کورد بەرەو ڕووت بوەستێتەوە و پیلانگێریت لێ بکات، زۆر ئازار بەخش نییە بەقەد ئەوەی لایەنێکی سیاسی، کورد بێت و لەهەرێمی کوردستان بێت، دڵی بەو پیلانگێرییە دەرەکییە خۆش بێت کە لەلایەن ئەو دادگا نادەستوورییە لە هەرێمی کوردستان کراوە.